سوودانی بە نهێنی لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەدایە


وێستگەنیوز_

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆبونەوەدایە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ رایگشتی پەخش ناكرێت، لەبەرئەوەی دانیشتنەكە تایبەتە بە بابەتی ئەمنیی، پەرلەمان دەنگیدا لەسەر ئەوەی دانیشتنەكە بەشێوەی نهێنیی بەڕێوەبچێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران لەسەر داوای خۆی چووەتە بەردەم پەرلەمان، دەیەوێت لەم دانیشتنەدا باس لە سیاسەتەكانی حكومەتەكەی و ئەو هەنگاوانە بكات كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریی و پەرەسەندنەكانی ئێستای ناوچەكە گیراونەتەبەر. 

لەپاڵ بابەتە ئەمنییەكەدا، وەكو نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران ئاماژەی بۆ كردووە، لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا سوودانی لەبارەی وردەكاری بەرنامەی حكومەتەكەی و ئەولەویەتەكانی و پرۆژەیاسا دەكات كە گرنگن بۆ تەواوكردنی پلانی گەشەپێدان. 

لەم میواندارییەی پەرلەماندا، هەریەكە لە وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ و پلاندانان هاوڕێیەتی سوودانی دەكەن. سەردانەكەی سوودانی بۆ پەرلەمان هاوكاتە لەگەڵ نیگەرانییەكانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە جوڵە و پێشڕەوی ئەم دواییەی گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لە پارێزگای حەلەب، لایەنە شیعەكانی عێراق ترسیان هەیە سیناریۆكەی ساڵی 2014 دووبارە ببێتەوە كاتێك بەشێوەیەكی كتوپڕ چەكدارانی داعش لە سوریاوە پەڕینەوە ناو عێراق و رووبەڕێكی بەرفراوانی خاكی عێراقیان داگیركرد، كوردو سوننەش هەمان دوودڵییان لە دۆخەكە بۆ دروستبووە. 

ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كە لایەنە پێكهێنەرەكانی كابینەی حكومەت لە عێراق لەخۆدەگرێت، لەدواین كۆبوونەوەی خۆیدا كە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانیش تێیدا بەشداربوون، پشتیوانی خۆی بۆ هەموو هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییەكانی حكومەتی سودانی لەسەرەتای تەنگژەی سوریاوە راگەیاندو داوای كرد بەغداد ببێت بە بارەگای گفتوگۆ بەردەوامەكان تایبەت بە قەیرانی سووریا. 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت دڵنیاییان بە خەڵكی عێراق دا كە ئامادەكارییەكان رێگری لە هەر مەترسییەك بۆسەر عێراق دەكەن. 


PM:03:40:04/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت