عێراق و بەریتانیا دوو ڕێککەوتن لە بواری ئەمنی واژۆ دەکەن
وێستگەنیوز_
وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بەریتانیا واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی ئەمنی "گرنگ" یان لە بواری هاوکاری ئەمنی ڕاگەیاند.
ئەمرۆ سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی فراوانیان کرد، تێیدا واژۆیان لەسەر رێککەوتننامەی هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بۆ پەرەپێدانی هەوڵی هاوبەش لە چەندین بواردا کرد.
ئەمە یەکەم جارە کووپەر سەردانی عێراق دەکات و ناوبراو پێنج مانگە بووەتە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا.
عەبدولئەمیر شەمەری پاش کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆیان لەبارەی ئاڵوگۆڕی "ئەزموونەکان، مەشق و راهێنان، هاوکاری لە بوارەکانی تاوانی رێکخراو، بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، هاوکاریی ئاسایش و هەواڵگری بۆ بەدواداچوونی تیرۆریستان و داواکراوانی هەردوو وڵات کردووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوو یاداشتی لێکتێگەیشتنی گرنگمان واژۆ کرد. یەکەم تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و ئاسایشی سنوور. دووەم، رێککەوتنی راگەیاندنی نیازچاکی. ئەو دوو رێککەوتنە هاوکاری، هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات."
لای خۆیەوە کووپەر وتی: واژۆکردنی دوو یاداشتە لێکتێگەیشتنەکە گرنگە، رێککەوتووین لەسەر هاوکاریی هاوبەش، ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە مەترسیدارە رێکخراوەکان وەکو بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و مرۆڤ، بەهێزکردنی ئاسایشی سنوور، هاوکاری و بەرەنگاربوونەوەی باندە تاوانکارەکان، کە هەڕەشە لە ئاسایشی هەردوو وڵات دەکەن و ژیانی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، لە رێگەی ئەو هاوبەشییەوە ئاسایشی هەردوو وڵات و هاوڵاتیان دەپارێزن.
PM:11:16:26/11/2024
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت