دادگایه‌كی‌ عێراقی‌ فه‌رمانی‌ ئاماده‌بوونی‌ بۆ سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌ركرد


وێستگه‌نیوز-
دادگایه‌كی عێراقی، فه‌رمانی‌ ئاماده‌بوونی‌ بۆ خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكی پێشووی هاوپه‌یمانیی سه‌روه‌ریی "سیاده‌" ده‌ركرد و داوای‌ لێده‌كات كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ رۆژدا له‌ به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بێت.


به‌گوێره‌ی‌ نووسراوێك كه‌ میدیا عێراقییه‌كان بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2024، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی سێیه‌می كه‌رخ به‌ نووسراوێكی فه‌رمی، خه‌میس فه‌رحان عه‌لی خه‌نجه‌ر ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ رۆژدا له‌ رێككه‌وتی ده‌رچوونی ئه‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ له‌ دادگا ئاماده‌بێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك.

وه‌ك له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێدراوه‌، سكاڵاكه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌ری یاسایی ده‌سته‌ی باڵای نیشتمانیی لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری له‌ دژی خه‌میس خه‌نجه‌ر تۆماركراوه‌ و تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ "بێڕێزی"كردن به‌ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ماده‌ی 226ی یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ 111ی ساڵی 1969ی هه‌مواركراو.
 
ماده‌ی 226 ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سزای حه‌وت ساڵ زیندانی، یاخود پێبژاردنی دارایی بۆ هه‌ر كه‌سێكه‌، كه‌ به‌ ئاشكرا سووكایه‌تی به‌ په‌رله‌مان، حكومه‌ت، دادگا، هێزه‌ چه‌كداره‌كان، هه‌ر ده‌سته‌یه‌كی دیكه‌ی حكومیی، ده‌سه‌ڵاتی گشتی، به‌رژوه‌ندییه‌كان، دامه‌زراوه‌ فه‌رمی و نیمچه‌ فه‌رمیه‌كان بكات.
 
خه‌میس خه‌نجه‌ری 59 ساڵ، یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانی عه‌ره‌بی سوننه‌. ساڵی 2013 بۆ یه‌كه‌م جار له‌ رێگه‌ی هاوپه‌یمانیی كه‌رامه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كرد.
 
خه‌نجه‌ر ده‌ستی له‌ پۆستی سه‌رۆكی پارتی سه‌روه‌ری "سیاده‌" كشاندووه‌ته‌وه‌. به‌گوێره‌ی نووسراوێك كه‌ عه‌لی سه‌یفه‌دین، ئه‌مینداری گشتیی پارتی سه‌روه‌ری رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2024 ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی كرد، ئاماژه‌ی به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خه‌میس خه‌نجه‌ر كرد له‌ پۆستی سه‌رۆكی پارته‌كه‌.
 
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ "هه‌نگاوێكی خۆپارێزی" بووه‌ بۆ به‌دوورگرتنی پارته‌كه‌ له‌ رێوشوێنه‌كانی ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ری، به‌ فه‌رمی كۆمیسیۆن ئه‌مینداری گشتیی پارتی سه‌روه‌ری "سیاده‌" وه‌ك سه‌رۆكی پارته‌كه‌ ناساندووه‌.
 
ئه‌مینداری گشتیی پارتی سه‌روه‌ری داوای كردووه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌ ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌ و داوه‌رییشه‌وه‌ له‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بدرێته‌ ده‌سته‌كه‌ وردبینی له‌ دۆسیه‌كه‌یدا بكات.





PM:11:45:25/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت