سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق: بابه‌تی تیرۆرمان له‌ وڵاته‌كه‌ماندا كۆتایی پێهێناوه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ‌ ئێران زۆر به‌هێزه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كه‌نداو باشه‌، هانی وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ندی عه‌ره‌بی و سه‌رمایه‌داران ده‌ده‌ین سه‌رمایه‌گوزاری له‌ عێراقدا بكه‌ن، ده‌شڵێت: "بابه‌تی تیرۆرمان له‌ وڵاته‌كه‌ماندا كۆتایی پێهێناوه‌".

د.له‌تیف جه‌مال ڕه‌شید سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ به‌ ئینگلیزی وتی‌: "هیوادارین ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ ئه‌و په‌یامانه‌ جێبه‌جێ بكات كه‌ بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری و چاره‌سه‌ركردنی ململانێكان له‌ جیهاندا ڕایگه‌یاندووه‌".

وتیشی‌: "له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی كه‌می رابردوودا عێراق ئاسایش و ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئێمه‌ش كارده‌كه‌ین بۆ به‌دیهێنانی ئارامی و ئاسایش بۆ هه‌موو وڵاتان و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ململانێیانه‌ی چه‌ندین كه‌س به‌هۆیانه‌وه‌ ده‌بنه‌ قوربانی، هه‌روه‌ها زیان به‌ ئابووری ده‌گه‌یه‌نن".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "كێشه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌توانرێت چاره‌سه‌ربكرێن ئه‌گه‌ر ویستی باش هه‌بێت و هه‌مووان وه‌ك یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، مێژوویه‌كی قووڵ و فره‌ڕه‌نگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ ناتوانین پێكه‌وه‌بژین ئه‌گه‌ر كێشه‌ و ململانێكان چاره‌سه‌رنه‌كه‌ین".

سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "پێموایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل تاوانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ دژی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ئه‌نجامداوه‌، ئێمه‌ پشتیوانی له‌ داواكارییه‌كانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ده‌كه‌ین بۆ مافی چاره‌ی خۆنوسین، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ ئارامی بژین، هه‌مووان ژماره‌ی ئه‌و منداڵ و ژن و پیاوانه‌ ده‌زانن كه‌ له‌م ململانێیه‌دا كوژراون".

له‌به‌شێكی‌ تری‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا د.له‌تیف جه‌مال ڕه‌شید روونیكرده‌وه‌ كه‌ "عیراق هه‌میشه‌ وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌ و كۆنترین مێژووی هه‌یه‌ له‌ جیهاندا، به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی 50 ساڵی ڕابردوودا گه‌لی عێراق له‌ ململانێكاندا ژیاوه‌، هه‌ندێكیان ناوخۆیی و هه‌ندێكیان ده‌ره‌كی، دوچاری چه‌ندین جه‌نگ و له‌شكركێشی و داگیركاری و گه‌مارۆ بووه‌، له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا تیرۆر به‌رۆكی گرتووه‌".

جه‌تیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "بابه‌تی تیرۆرمان له‌ وڵاته‌كه‌ماندا كۆتاییپێهێناوه‌ و ده‌مانه‌وێت قۆناغێكی نوێ له‌ پاراستنی ئارامی و ئاسایش هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی گه‌لی عێراق پێكه‌وه‌ بژین، حكومه‌تیش پلانێكی بۆ خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌پێدان و وه‌به‌رهێنان داڕشتووه‌، هه‌روه‌ها پێویستیمان به‌ وه‌به‌رهێنانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی هه‌یه‌".

هاوكات سه‌رۆك كۆماری‌ رایگه‌یاند كه‌ "په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئێران زۆر به‌هێزه‌، سنوورێكی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ كه‌ لانیكه‌م 1200 كیلۆمه‌تر درێژده‌بێته‌وه‌، زۆربه‌ی دانیشتوان په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها هه‌ردوو وڵات په‌یوه‌ندی ئابورییان له‌ كه‌رتی وزه‌ و گازدا هه‌یه‌."

وتیشی‌: "په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كه‌نداو باشه‌، هانی وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ندی عه‌ره‌بی و سه‌رمایه‌داران ده‌ده‌ین سه‌رمایه‌گوزاری له‌ عێراقدا بكه‌ن".

سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق راشیگه‌یاند كه‌ "گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا زۆر مه‌ترسیدار بووه‌، هه‌مووان به‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، كه‌ بریتین له‌ وشكه‌ساڵی و لافاو و كه‌می ئاو، پێویسته‌ مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانمان بگۆڕین، تا خێراتر بابه‌ته‌كه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ی ئه‌وا باشتره‌ بۆ هه‌مووان. پشتیوانی ته‌واوی كۆنفرانسی كه‌شوهه‌وا ده‌كه‌ین. هیوادارین ڕاسپارده‌كانی ئه‌و كۆنفرانسه‌ له‌ جیهاندا جێبه‌جێ بكرێن و پێویسته‌ هه‌موو وڵاتێك به‌رپرسیاربێت له‌ جێبه‌جێكردنیان. هه‌روه‌ها پێویسته‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌رنامه‌یه‌ك دابڕێژن بۆ پشتیوانیكردن له‌ بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پاراستنی ژینگه‌ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا".


PM:07:58:24/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو