واشنتۆن دواین هۆشداری دا به‌ به‌غدا


وێستگه‌نیوز-
میدیاكانی‌ سعودیه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ به‌غدای راگه‌یاندووه‌، ته‌واوی ئامرازه‌كانی فشاری بۆ سه‌ر ئیسرائیل كۆتایهاتووه‌، هۆشداریشی‌ داوه‌ به‌ حكومه‌تی‌ عێراق كه‌ گه‌ر "میلیشیاكان رانه‌گرن ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی ده‌كات".

كه‌ناڵه‌كانی (ئه‌لعه‌ره‌بیه‌) و (ئه‌لحه‌ده‌س)ی سعودی‌ له‌زاری سه‌رچاوه‌كانیانه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری وه‌شاندنی‌ گوزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر عێراق نزیكه‌، ئه‌گه‌ر به‌غدا رێگه‌ له‌ هێرشی ئه‌و گروپانه‌ نه‌گرێت كه‌ له‌ناو خاكه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌نجامیده‌ده‌ن بۆ سه‌ر ئیسرائیل.  
سه‌رچاوه‌كانی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ و ئه‌لحه‌ده‌س ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌غدای ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئامرازه‌كانی فشار بۆ سه‌ر ئیسرائیل بۆ رێگریكردن له‌ جێبه‌جێكردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر ئامانجه‌ عێراقییه‌كان له‌ وه‌ڵامی به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی كوتله‌ چه‌كداره‌كان بۆ سه‌ر ئیسرائیل، كۆتایی هاتوووه‌".

سه‌رچاوه‌كان دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ "واده‌ی‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل نزیك ده‌بنه‌وه‌، گه‌ر حكومه‌تی عێراق رێگری نه‌كات له‌ هێرشی گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئیسرائیل".

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بۆ ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ و ئه‌لحه‌ده‌س ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ حكومه‌ت هه‌موو رێوشوێنێكی پێویستی گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل.

ده‌شڵێن: "سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق  كوتله‌ سیاسییه‌كانی له‌ جددیه‌تی دۆخه‌كه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ گه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كان به‌رده‌وام بن له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل له‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌".

پێشتر ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و نامه‌یه‌یان ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل رۆژی دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند كه‌ ده‌یداته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ فشارخستنه‌سه‌ر عێراق بۆ راگرتنی ئه‌و هێرشانه‌ی له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن و به‌ "هه‌وڵێك بۆ پاساودان به‌ كاره‌ دوژمنكاره‌كانی‌" زانی‌.

ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق جه‌ختی له‌ "ره‌تكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی‌ ئه‌و سكاڵایه‌ كرد كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی قه‌واره‌ی زایۆنیستی ده‌رچووه‌ و دژی عێراق ئاراسته‌ كراوه‌”.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو، گدعۆن ساعر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ و داوای لێكردووه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و هێرشانه‌ بهێنێت كه‌ له‌لایه‌ن "گرووچه‌ چه‌كداره‌كانی‌ نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌" بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ئه‌نجام ده‌درێن.

له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا، گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقی نزیك له‌ ئێران كه‌ به‌ "به‌ره‌ی‌ موقاوه‌مه‌ی‌ ئیسلامی له‌ عێراق" ناسراون، چه‌ندین جار به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشیان كردووه‌ته‌سه‌ر ئیسرائیل.


PM:07:58:20/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت