سودانی: ئه‌م رۆژه‌، عێراقێكی نوێ داده‌مه‌زرێنێت


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌م رۆژه‌ عێراقێكی نوێ داده‌مه‌زرێنێت له‌سه‌ر بنه‌مای شیكاری و داتای ورد كه‌ یارمه‌تی بڕیارده‌ر ده‌دات له‌ دانانی پلان و به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابوری، خزمه‌تگوزاری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نانه‌ت سیاسیش.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی‌ كرد، بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌ كاره‌كانی جێبه‌جێكردنی سه‌رژمێری گشتیی دانیشتوان و نیشته‌جێبون له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق.

له‌ میانی‌ سه‌ردانه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق رۆڵی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانانی عێراق، پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو ده‌زگای‌ ئاماری‌ به‌غدا و هه‌رێم و رۆڵی‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی له‌ سه‌رخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ سه‌رژمێری‌ دانیشتوان به‌رزنرخاند.

سودانی ستایشی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ ئایینیه‌كانی هه‌موو مه‌زهه‌به‌كان و سه‌رجه‌م چالاكه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كرد بۆ هه‌وڵه‌كانیان بۆ هاندانی هاوڵاتیان بۆ به‌شداریكردن له‌ سه‌رخستنی سه‌رژمێری و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ گرنگییه‌كه‌ی.

له‌ وته‌یه‌كیشدا سه‌رۆك وه‌زیران وتی‌: "ئه‌م ڕۆژه‌ عێراقێكی نوێ داده‌مه‌زرێنێت له‌سه‌ر بنه‌مای شیكاری و داتای ورد كه‌ یارمه‌تی بڕیارده‌ر ده‌دات له‌ دانانی پلان و به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابوری، خزمه‌تگوزاری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نانه‌ت سیاسیش".

وتیشی‌: "به‌ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری دانیشتوان، حكومه‌ت نه‌ك هه‌ر شایسته‌یه‌كی به‌ ئه‌نجام گه‌یاند كه‌ ساڵانێكه‌ وه‌ستابوو، به‌ڵكو رێكاره‌كه‌ به‌ میكانیزمی كاركردن جێبه‌جێكرا كه‌ تێیدا ئامڕازه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و شێوازه‌ مۆدێرنه‌كان به‌كارهێنران، ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ و متمانه‌ به‌ پڕۆسه‌كه‌ ده‌به‌خشێت".

سودانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوڵاتیان ده‌ربڕی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان، داوای لێكردن هاوكار بن و فاكته‌ری یارمه‌تیده‌ربن بۆ تیمه‌كانی سه‌رژمێری بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌ نیشتمانییه‌ هه‌روه‌ها فه‌رمانبه‌رانی ئاڕاسته‌ كرد كه‌ به‌هه‌مان ئیراده‌ به‌رده‌وام بن له‌ كاره‌كانیان.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 20ی مانگی یانزه‌ی 2024، دوای 37 ساڵ سه‌رژمێری گشتی له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی عێراق ده‌ستی پێكرد و ماوه‌ی دوو ڕۆژ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ تا بژمێره‌كان بتوانن هاوڵاتیان له‌ ماڵه‌كانی خۆیان تۆماربكه‌ن و ڕاستی و دروستی ژماره‌ی خێزانه‌كان بزانن، پرۆسه‌كه‌ش له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


PM:05:47:20/11/2024










ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت