سوودانی: سەرژمێریی دانیشتووان تەنیا ژمارە نییە بەڵکو ئامرازێکە بۆ بڕیاردانی کاریگەر
وێستگەنیوز_
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان رایگەیاند، "هەنگاوێکی گرنگ، شارستانی و گەشەپێدان دەنێین، کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی دەکەین، ئەویش بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونە."
لە راگەیەندراوەکەدا سوودانی باسی لەوە کردووە، "دوای 37 ساڵ لە بەڕێوەچوونی دوایین سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کە لە ساڵی 1987 کرا، هەروەها دوای سەرژمێریی ساڵی 1997 کە هەرێمی کوردستانی عێراقی نەگرتەوە، دەستدەکەین بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، ئەوەش بۆ تەواوکردنی کارە لەپێشینەکانی بەرنامەی حکومەت و دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییان بۆ خزمەتگوزاریی گشتی."
هەروەها پێی وایە ئەمە پرۆسەیەکی "نایاب"ـە و بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاری ئەو تیمانە بن کە ئەرکی بەڕێوەچوونی سەرژمێرییان پێ سپێردراوە، "هەروەها داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ بن و زانیاریی دروست بدەن."
ئاماژەی بەوە کردووە، "سەرژمێریی دانیشتووان تەنیا ژمارە نییە کەڵەکە بکرێت، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بڕیاردانی کاریگەر، وەکو دڵنیابوون لە دابەشکردنی سەرچاوە و خزمەتگوزارییەکان لەنێوان پارێزگاکاندا بەپێی رێسایەکی دادپەروەرانەتر."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و زانیارییەکانی خانووبەرە دەبنە ئامرازێکی زانستیی نوێ بۆ پلاندانان و ئامرازی گەشەپێدان، دوور لە خەمڵاندن و هەوڵدانەکان کە لەسەر بنەمای راستییەکان نین.
هاوکات رۆڵی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها دەستەی ئامار و سیستمی زانیاری و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند لە هەوڵەکانی چەند مانگی رابردوویان لە ئامادەکاری بۆ سەرژمێری.
AM:08:30:20/11/2024
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت