وەزارەتی پلاندانانی عێراق: زیاتر لە 130 هەزار بژمێر بەشداری پرۆسەی سەرژمێری دەکەن


وێستگەنیوز_

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: لە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوواندا زیاتر لە 130 هەزار بژمێر بەشدار دەبن.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2024، عەبدولفەتاح ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری تەکنیکی لە دەستەی ئامار و سەرۆکی بەشی تەکنیکی و مەیدانی بۆ سەرژمێری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: سبەی بژمێرەکان لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە، بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە پێشوەختە بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆماریان کردووە سەردانی ماڵەکان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بژمێرەکان سێ جار سەردانی ماڵەکان دەکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاری و داتاکان. 

دەشڵێت: بژمێرەکان دەستەواژەی "خانووەکە داخراوە" لەسەر ئەو خانووانە دەنووسن، کە دانیشتووانەکەی دەرگا ناکانەوە یاخوود لەوێ نین، دوای ئەوەی سێ جار بۆ دڵنیابوونەوە سەردانیان دەکەن.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دەڵێت: ژمارەی بژمێرەکان 130 هەزار کەسی تێپەڕاندووە ئەمە جگە لە سەرپەرشتیاران.

بڕیارە لە 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.


PM:10:36:19/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت