سودانی‌ و شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جه‌خت له‌ هه‌ماهه‌نگیكردن بۆ راگرتنی‌ شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌كه‌نه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ شازاده‌ی‌ جێنیشنی‌ سعودیه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق هه‌ڵوێستی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ رێگریكردن له‌ فراوانبوونی‌ ململانێكان له‌ ناوچه‌كه‌دا دووپات كرده‌وه‌، هه‌ردوولاش جه‌ختیان له‌ هه‌ماهه‌نگیكردن بۆ راگرتنی‌ هێرشی‌ ئیسرائیل بۆسه‌ر غه‌ززه‌ و لوبنان كرده‌وه‌.


نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ په‌راوێزی لوتكه‌ی هاوبه‌شی عه‌ره‌بی و ئیسلامی بۆ تاووتوێكردنی دوژمنكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ و لوبنان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ریاز له‌گه‌ڵ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ كۆبۆوه‌ ".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ میانی دیداره‌كه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، كه‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ چه‌ند بوارێكدا گه‌شه‌سه‌ندنی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، دوایین گۆڕانكاری‌ و پێشهاته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ و تێكچوونی دۆخی مرۆیی ناوچه‌ داگیركراوه‌كان و باشووری لوبنان تاووتوێ كرا".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی هه‌ماهه‌نگی هه‌ڵوێسته‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ راگرتنی‌ شه‌ڕ و دابینكردنی فریاگوزاری بۆ هه‌ردوو گه‌ل كرده‌وه‌. سودانی-ش هه‌وڵه‌كانی‌ سعودیه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و لووتكه‌یه‌ی كه‌ عێراق پێشتر داوایكردبوو، به‌رز نرخاند.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌ڵوێستی چه‌سپاو و پره‌نسیپی عێراقی له‌ پاڵپشتیكردنی هه‌وڵه‌كان به‌ ئامانجی رێگریكردن له‌ فراوانبوونی ململانێكان له‌ ناوچه‌كه‌دا دووپاتكرده‌وه‌ به‌جۆرێك وڵاتانی گه‌وره‌ و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رپرسیارێتی ته‌واوی یاسایی و ئه‌خلاقی خۆیان له‌ ئه‌ستۆ بگرن بۆ ڕێگریكردن له‌ به‌رده‌وامبوونی كۆمه‌ڵكوژی فه‌له‌ستینییه‌كان له‌ غه‌ززه‌، و كاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕزگاركردنی لێقه‌وماوان و راگرتنی هه‌وڵه‌كانی زایۆنیسته‌كان".



PM:08:22:11/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو