ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی تۆمەتباری "تەقاندنەوەی فرۆشگاکەی کەرکووکی" راگەیاند
وێستگەنیوز_
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکیی تەقاندنەوەی فرۆشگایەکی کەرکووک لە شاری سلێمانی دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ هەینی 8ـی 11ـی 2024 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دوای چەند رۆژێک "لە ئەنجامدانی هێرشێک بە بۆمبێکی چێندراو بۆ سەر یەکێک لە فرۆشگاکانی پارێزگای کەرکووک، کە بووە هۆی برینداربوونی خاوەن فرۆشگاکە و هاوسەرەکەی، هێزەکانمان بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی توانییان تۆمەتباری سەرەکی لە شاری سلێمانی دەستگیر بکەن."
راشیگەیاندووە، "تۆمەتبارەکە چەند جارێک چاودێریی شوێنەکەی کردووە، تەقەمەنییەکەی لەناو کیسەیەکدا شاردووەتەوە و لە بەردەم فرۆشگاکە دایناوە، دواتر لە رێگەی مۆبایلەوە تەقاندوویەتیەوە."
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، "تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی 5 رۆژ چووەتە دەرەوەی وڵات و دواتر چووەتە شاری سلێمانی و لەوێ دەستگیر کراوە."
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 4ی تیرۆر دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە میدیایەکان، "ئەو رووداوە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش روویدا. کە کەسێکی نەناسراو فرۆشگایەکی لە گەڕەکی موسەڵڵا تەقاندەوە. خاوەنی فرۆشگاکە تورکمانی دانیشتووی کەرکووکە و بەهۆی تەقینەوەکەوە قاچێکی لەدەستدا. خێزانەکەشی بە سووکی برینداربوو."
PM:08:12:08/11/2024
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت