هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت: خاكی عێراق بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هیچ وڵاتێك به‌كارنه‌هێنرێت


وێستگه‌نیوز-
هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت ره‌تیكرده‌وه‌، رێگه‌ بدرێت خاكی عێراق بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هیچ وڵاتێك به‌كاربهێندرێت و رایگه‌یاند كه‌"ده‌بێت عێراق دوربخرێته‌وه‌ له‌كه‌شوهه‌وای شه‌ڕ، چونكه‌ قه‌واره‌ی زایۆنی هه‌وڵی فراوانكردنی به‌ره‌ی شه‌ڕ ده‌دات".


ئه‌مشه‌و هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ ئاماده‌بونی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مه‌حمود مه‌شهه‌دانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، "باس له‌ گرنگترین پرس و پێشهاته‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا، هه‌روه‌ها باس له‌ قۆناغی داهاتوو كرا به‌تایبه‌ت له‌ڕووی یه‌كخستنی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێكردن و یاسادانان به‌جۆرێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراقدا بێت".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ "ئاماده‌بووان پێشوازییان له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد، وه‌ك شایسته‌یه‌كی ده‌ستوری".

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر "گرنگی درێژكردنه‌وه‌ی وه‌رزی‌ دووه‌می یاسادانانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پاڵپشتیكردنی هه‌نگاوی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ ماده‌كانی بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی په‌یوه‌ست به‌ نه‌وت".
 
به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا "كۆبوونه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ ئیداره‌ی‌ ده‌وڵه‌ت جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌و بنه‌مایانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ دواییدا باسی كردوون و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌ن و ڕێگه‌ خۆشكه‌رن بۆ گه‌یشتن به‌ داهاتویه‌كی باشتر بۆ وڵات".

هاوكات ئاماده‌بووان "هه‌ڵوێستی بنه‌ڕه‌تی‌ عێراقیان دووپاتكرده‌وه‌ له‌ پشتیوانیكردنی‌ گه‌لانی فه‌له‌ستین و لوبنان له‌ دژی ده‌ستدرێژی زایۆنییه‌كان".

هه‌روه‌ها "ده‌نگۆی به‌كارهێنانی خاكی عێراقیان وه‌ك خاڵێك بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كان ره‌تكرده‌وه‌، به‌و پێیه‌ی پاساوێكی زه‌قن بۆ ره‌وایه‌تیدان به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر خاك و سه‌روه‌ری عێراق".

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ ده‌وڵه‌ت راشیگه‌یاند كه‌ "پێویسته‌ كاری‌ هاوبه‌ش بكرێت و به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵای‌ وڵات پێشبخرێت و خاكی‌ عێراق دووربخرێته‌وه‌ له‌كه‌شوهه‌وای شه‌ڕ كه‌ قه‌واره‌ی زایۆنی هه‌وڵی فراوانكردنی ده‌دات به‌ئامانجی‌ تێكدانی‌ سه‌قامگیری و ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌".


AM:12:31:07/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت