سوودانی بۆ بلینکن: دەبێت هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە چڕبکرێنەوە


وێستگەنیوز_

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کردەوە.
 
ئەمرۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024 ماتیۆ میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. 
 
ئەوەش هاتووە، "وەزیری دەرەوە و محەممەد شیاع سوودانی باسیان لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کردووە."
 
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانیش ماوەی مانگێکە چووەتە قۆناخێکی دیکە، وەزیری دەروەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرد و جەختیان لە "گەیشتن بە رێککەوتن" کردەوە. 

هەروەها باسیان لەوەش کردووە، هاووڵاتییانی ئاوارەبووش دەبێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
 
لەبارەی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "وەزیری دەرەوە داوای لە سوودانی کردووە پابەندییەکانی خۆی بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، هەروەها رێکار دژی ئەوانە بگرێتەبەر کە بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لە نێویاندا میلیشیاکانی نزیک لە ئێران."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتە، پێویستە "عێراق رانەکێشرێتە نێو ململانێ هەرێمییەکان؛ پێویستە عێراق کۆنترۆڵی ئەو گروپە چەکدارانە بکات کە لە خاکەکەیەوە هێرشی دەکەن."


PM:07:40:05/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت