ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی سەرژمێری کۆدەبێتەوە


وێستگەنیوز_

پەیوەست بە پرسی سەرژمێری لە عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بڕیارە تێبینییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی سەرژمێری تاوتوێبکرێت

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات و گفتوگۆ لەسەر پرسی سەرژمێری عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

د. سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدییاکانی ڕاگەیاند "یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت دەبێت بە تێبینییەکانی حکوومەتی هەرێم لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان."

لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیدا کە بڕیار وایە ڕۆژی 20ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، ئامانجی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی ناوی هاوڵاتیانی عەرەب و تورکمانن لەسەر ناوچە رەسەنەکانی خۆیان، واتە، ئەو هاوڵاتیانەی بە رەچەڵەک تورکمان یاخود عەرەبن بە هۆی ئاوارەبوونیان یان هەر هۆیەکی دیکە لە کوردستان یان ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەژین، لە پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتواندا ناویان وەک نیشتەجێی کوردستان تۆمار نەکرێن، بەڵکو لەسەر ناوچە رەسەنەکانی خۆیان تۆمار بکرێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت.

هاوکات، لە دواى 37 ساڵ، ئەمە یەکەمین جارە سەرژمێرى گشتیى دانیشتوان لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە یەک کاتدا ئەنجامبدرێت.


PM:12:24:05/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت