به‌رپرسێكی عێراقی: به‌دوری نازانین ئیسرائیل هێرش بكاته‌ سه‌ر عێراق


وێستگەنیوز_

راویژكاری سیاسی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ لێدوانێكیدا بۆ میدیایەکی عه‌ره‌بی رایگەیاند، "عێراق نایه‌وێت خاكه‌كه‌ی ببێت به‌ گۆڕه‌پانی ئۆپه‌راسیۆنی هیچ لایه‌نێك."

ئێواره‌ی دوێنێ یه‌ك شه‌ممه 2ی تشرینی دووه‌م، فادی ئه‌لشمه‌ری راویژكاری سیاسی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ سکای نیوزی عەرەبی رایگه‌یاند، "به‌دووری نازانین ئیسرائیل هێرش بكاته‌ سه‌ر عێراق، به‌ڵام ئێمه‌ نامانه‌وێت پاساو به‌ ئیسرائیل بده‌ین ئه‌و كاره‌ بكات."

شه‌مه‌ری باسی له‌وه‌شكردووه‌ عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، له‌ هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كان و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌دایه‌ و ئاماژه‌ بەوەشدەدات حكومه‌تی عێراق كه‌وتووه‌ته‌ جووڵه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات ئیسرائیل هیچ پاساوێكی نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خاكی عێراق بكاته‌ ئامانج.

پێشتر ئاژانسی هه‌واڵی "ئه‌سۆشێتید پرێس" له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی ئه‌مریكاوه‌، ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، "پرۆسه‌ی هه‌ڵدانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی ئیسرائیل، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی زیاد كردووه‌ ئیسرائیل به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌ بداته‌وه‌."

هاوکات دوو به‌رپرسی ئه‌مریكی ئه‌وه‌یان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌، "ئه‌مریكا و هاوبه‌شه‌كانی، ناچاربوون بۆ خستنه‌ خواره‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانانه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران، له‌ عێراقه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئیسرائیلی ده‌كه‌ن، ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن."

به‌رپرسێكی ئه‌منی هه‌رێمی له‌ لێدوانێكیدا بۆ هه‌مان ئاژانس و به‌و مه‌رجه‌ی ناوی ئاشكرا نه‌كرێت ده‌ڵێت، " میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران، رۆژانه‌ تێكڕا پێنج جار له عێراقه‌وه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئیسرائیل‌."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا، ته‌نها له‌ 24 كاتژمێردا، هه‌شت فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیان ئاراسته‌ی ئیسرائیلكردووه‌."


PM:12:41:04/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت