گرنگترین ئه‌و دۆسێیانه‌ی سودانی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان گفتوگۆی له‌باره‌یانه‌وه‌ كردووه‌


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2024، عه‌قیل ئه‌لڕدێنی فه‌رمانده‌ له‌ ئیئتیلافی نه‌سر، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌ دیداری محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا، تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر 4 دۆسێ، له‌ هه‌مویان گرنگتر بوونی سه‌ربازی توركیایه‌ له‌ باكووری عێراق.


عه‌قیل له‌ لێدوانێكیدا بۆ به‌غداد ئه‌لیه‌وم ده‌ڵێت: "سه‌ردانی محه‌مه‌د شیاع سوادانی بۆ ئه‌نقه‌ره‌ و دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا، دیدارێكی گرنگه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ سایه‌ی ئه‌و ئاڵۆزی و بارگرژییه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتووه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕی لوبنان و فه‌له‌ستین و كوژرانی و برینداربوونی‌ هه‌زاران و ترسی گواستنه‌وه‌ی ململانێكه‌ بۆ ئاستێكی گه‌وره‌تر كه‌ ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر‌ ئابووری وڵاتانی ناوچه‌كه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ دیداره‌كه‌دا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر 4 دۆسێی گرنگ كه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌: رێگای گه‌شه‌پێدانی ستراتیژی كه‌ به‌نده‌ری فاو ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ زاخۆ و توركیا و خۆرئاواوه‌، لایه‌نی ئابوری، بوونی بنكه‌ و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی توركیا به‌ قوڵایی 15 كیلۆمه‌تر له‌ناو خاكی عێراق، بێ هیچ به‌ربه‌ستێكی یاسایی و گرنگی رێكه‌وتن له‌و باره‌یه‌وه‌، چونكه‌ به‌غدا رازینابێت به‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وام پاساو بۆ ئه‌من و ئاسایشی ده‌هێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ مانای رازیبوون نییه‌ به‌و له‌شكركێشییه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی بنكه‌ و باره‌گاكان".

ئه‌لردێنی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دۆسێی پارتی كرێكارانی توركیا، ئاماده‌یی هه‌بووه‌. به‌ڵام هه‌ردوو دۆسێی بوونی بنكه‌ و باره‌گاكانی توركیا له‌ناو خاكی عێراق و رێگای گه‌شه‌پێدان، گرنگترن، چونكه‌ ئه‌و دوو دۆسێیه‌ بۆ به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ گرنگن و پێویسته‌ یه‌كلایبكرێنه‌وه‌".

محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، دوێنێ هه‌ینی به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌ و چاوی به‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا كه‌وت و پێكه‌وه‌ باسیان له‌ چه‌ندین پرسی كرد كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ هه‌ردوو وڵات و ناوچه‌كه‌ و بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ سودانی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا.


PM:01:56:02/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت