مەحمود مەشهەدانی بووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق دوای دوو گەڕی دەنگدان، سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد.
مەحمود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم کە لەلایەن زۆربەی سوننەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، لەگەڕی دووەمدا کە 269 پەرلەمانتار ئامادەیبوون، 168 دەنگی بەدەستهێنا.
مەحمود مەشهەدانی لە ساڵی 1948 لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە. پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتمەدار، ئەفسەری سوپای عێراق بووە، ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە. بەهۆی ئەوەی دژی شەڕی کەنداو بووە، لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.
مەشهەدانی ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە، ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبیی کردووە، بووە بە یەکەم سەرۆکی پەرلەمان دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن.
PM:10:04:31/10/2024
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت