حەلبوسی: ئێرە بەغدادە جیاوازە؛ هەولێر نییە رێگە لەسەرۆكی پەرلەمان بگرن بچێتە شارەكە


وێستگەنیوز_

محەممەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە لە ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق  هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتییەکەی راگەیەندرا؛ دەڵێت: داوای دوورخستنەوە و لە کارلادانی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان کردووە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەهدی عێراقی، محەممەد حەلبوسی، دەڵێت: داوای دوورخستنەوە و لە کارلادانی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانمان كردووە، بەهۆی بەكارهێنانی پێگەكەی بۆ سەپاندنی ئیرادەی سیاسی بەسەر ئەنجوومەندا."

سەبارەت بە هۆکاری ئەو داواکارییە، حەلبوسی ئاشکرای دەکات کە شاخەوان عەبدوڵڵا "بەوە پێشێلی مەرجەكانی پێگەی كردووە، كاتێك پاسەوانەكانی بەكارهێناوە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر پەرلەمانتاران، ئەوە پێشهاتێكی مەترسیدارە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا روودەدات."

هەروەها دەشڵێت: نابێت پاسەوانی تایبەتی؛ بچێتە ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان، پێویستە پاسەوانەكانی ئەنجومەن ئامادەبن بۆ پاراستنی ئارامی دانیشتنەكان، نەك پاسەوانەكانی کەسێکی دیاریکراو.

محەممەد حەلبوسی جەختدەکاتەوە لەوەی، "شاخەوان؛ پاسەوانە تایبەتەکانی بردووەتە ناو هۆڵی دانیشتنەکان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران." 

باس لەوەشدەکات، "جارێك ئەوەیان كرد لە هەولێر كاتێك رێگەیان لە سەرۆكی پەرلەمان گرت بچێتە ناو شارەكە، بەڵام ئێرە بەغدادە جیاوازە."


AM:11:53:31/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت