باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: دەستخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە پرۆسەی دیموکراسی


وێستگەنیوز_

ئالینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بەبۆنەی کۆتایی هاتن بە پرۆسەی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: "دەستخۆشی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە پرۆسەی دیموکراسی."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هانی پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەدەین پشتگیری لە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دەکەین بۆ ئەوەی حکومەت بەبێ دواکەوتن پێکبهێنن."


دەقی پەیامەکەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو پارتە سیاسییەکان دەکات بە بۆنەی تەواوبوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

لە رۆژەکانی 18 و 20ـی تشەرینی یەکەم، کارمەندانی نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق چاودێری پرۆسەی دەنگدانیان لە بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کرد. دەسخۆشی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە پرۆسەی دیموکراسی.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بە هەبوونی ئاڵنگاری بەردەم خوێندنەوەی پەنجەمۆر لە کاتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکان کرد. هانی کۆمیسۆن دەدەین بۆ ئەوەی ئەو پرسە چارەسەربکات پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025. 

هانی پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەدەین پشتگیری لە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و حکومەت بەبێ دواکەوتن پێکبهێنن. هەروەها داوا لە پارتیە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان دەکەین رێز لە میدیا و رۆڵتی گرینگی لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەی دیموکراسیدا بگرن. 

پێکهێنانی حکومەتی نوێ رێگا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشدەکات کە دام و دەزگا دیموکراسییەکانی بەهێز بکات و مافەکانی مرۆڤ بەرەوپێش ببات و برەو بە گەشەپێدانی ئابووری بدات و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان پتەو بکات وەکو بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و ئارام و خاوەن سەروەری.


PM:07:03:21/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت