سوودانی: پیرۆزبایی لە گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان دەکەم


وێستگەنیوز_

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پیرۆزبایی تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ستایشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکانی عێراق دەکات.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانیی عێراق و سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ دەکەین، لە بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت بە ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەردەوامی بژاردەی دیموکراتی بۆ رۆڵەکانی گەلەکەمان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دووپاتدەکاتەوە لەسەر رێزگرتنی بەهای دیموکراتی و باوەڕبوون بە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و فەراهەمکردنی بنیاتنانی دەستووری". 
 
دەشڵێت: "ئەم دەستکەوتە بەدی نەدەهات، ئەگەر قوربانیدانی عێراقییەکان نەبووایە لەپێناو ئازادی، شکۆ و سەربەخۆییان لە بڕیاریادان بۆ ژیانکردن لە نیشتمانێک کە مافی هەمووان یەکسان بێت، بێ جیاکاری بە هەموو پێکهاتەکانەوە".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت: "بەم بۆنەیەوە ستایشی هەوڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەین، بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن".
 
سوودانی هیوادارە "پێویستییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانی عێراق تەواو بکرێت؛ ئەوەش لەپێناو بەردەوامیدان بە کاروانی پەرەپێدان، هاوکاری، سەقامگیری و خزمەتکردنی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستاندا".


PM:08:26:20/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت