دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک؛ کۆدەبێتەوە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چوار دۆسیە کۆدەبێتەوە، یەکێک لە دۆسییەکانیش تایبەتە بە مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک کە داوای گواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر عێراق دەکەن.

سکاڵاکە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکوک لەسەر هەریەک لە سەرۆکوەزیران و سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، تێیدا داواکراوە راژەکانیان لە خوێندنی کوردی بگوازرێتەوە سەر راژەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لەگەڵ لە ئەستۆگرتنی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە کارگێڕی و داراییەکان.

هەر بەگوێرەى سکاڵاکە، داواکراوە پرسی گواستنەوەی ستافى بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی یەکلاییبکرێنەوە، هەروەها داوا لەسەرکراو پابەندبکرێت بە دابینکردنی تێچووى دارایى و قەرەبووکردنەوەیان.

دۆسیەیەکى دیکەى دانیشتنەکە، تایبەتە بە هەڵوەشانەوەى خاوەندارێتى خانووبەرەی سەر بە قەوارە هەڵوەشاوەکان و حیزبی بەعس، هەروەها گێڕانەوەى سەروەت و سامان و پشکەکانیان لە سەرجەم کۆمپانیاکان.

دوو دۆسیەکەى دیکەش تایبەتن بە خاوەن پۆستە باڵاکان و بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە قایمقامیەتەکان، دۆسیەى چوارەمیش تایبەتە بە داواکردنى هەڵوەشاندنەوەی یاسای نووسینگەی سەرۆکایەتی ژمارە 4ـی ساڵی 1984، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی سەرۆکایەتی کۆمار ژمارە 1ـی ساڵی 2023.


AM:09:16:15/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت