حکومەتى عێراق لەبارەى نیازى ئیسرائیل بۆ کوشتن و بە ئامانجگرتنى عەلى سیستانى هاتە دەنگ


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی ئیسرائیل، وێنەی ژمارەیەک کەسایەتیی شیعەی ناوچەکەی بڵاوکردەوە یەکێک لە وێنەکان، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بوو لەناویاندا؛ و هێمایەکی سوور بەسەر وێنەکەیدا هاتبوو، راستەوخۆ حکومەتى عێراق، هاتە دەنگ و دڵنیایی دەدات لەوەی، بە توندوترین شێوە دەستدرێژیکردن و بێڕێزی بۆسەر پێگەى مەرجەعى باڵاى ئاینى رەتدەکەنەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە 9ـی 10ـی 2024، باسم عەوادى، وتەبێژى حکومەتى عێراق، راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "حکومەتى عێراق بە توندوترین گوزارشت دژایەتى هەر دەستدرێژییەک بۆ پێگەى مەرجەعەکەیان دەکات و هۆشداریی دەدات لە مەترسیى ئەو هەوڵانەى پشتبەستوون بە پاشخانى بیرى رەگەزپەرستى  و بێرێزیکردن بە پیرۆزیى گەلان، کە هاندەرى دەبێت بۆ فراوانکردنى بازنەى دوژمنکاری و ئاسایش و ئارامیى نێودەوڵەتى رووبەڕووى هەڕەشەیەکى راستەقینە دەکاتەوە."

هاوکات، داوا لە سکرتێری گستیى نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی دەکات هەر "دەستدرێژییەک بۆ سەر هەستى موسڵمانانى جیهان لە رێگەى کەسایەتییە کاریگەرەکان سەرکۆنە بکەن و رەتیبکەنەوە."

ئاشکراشیکردووە کە حکومەت و گەلى عێراق هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ راگرتنى شەڕ، بەڵام "قەوارەى جولەکە و حکومەتە توندڕەوەکەى و شکستى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، رەوشەکەیان ئاڵۆزکردووە و ئەمڕۆ هەوڵى بڵاوکردنەوەى بێرێزى دەدات بۆ شاردنەوەى تاوانەکانى".


PM:03:53:09/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 5580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت