ئیسرائیل خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر وڵاتێكی تری عه‌ره‌بی


وێستگه‌نیوز-

رۆژنامه‌ی‌ یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆتی‌ ئیسرائیلی‌ له‌ زاری سه‌رچاوه‌كانیه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل به‌نیازه‌ جموجۆڵ له‌ دژی گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق بكات و هێرشیان بكاته‌سه‌ر.

سه‌رچاوه‌كانی‌ رۆژنامه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌ ده‌ڵێن: "وه‌ڵامی گونجاو ده‌دۆزینه‌وه‌، جا بۆ هێرشی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆ سه‌ر سه‌ربازه‌كانمان له‌ جۆلان بێت یان هه‌ر هێرشێكی‌ تر".

وتیشی‌:"روونه‌ كه‌ ئێران هه‌موو به‌ره‌كانی‌ چالاك ده‌كات، ئێمه‌ش ده‌بێت ئاماده‌ بین بۆ سوپرایزی‌ زیاتر".

گروپه‌ چه‌كداره‌ عێراقییه‌كانی دڵسۆز بۆ ئێران، له‌وانه‌ كه‌تائیبی‌ حزبوڵا، كه‌تائیبی‌ سه‌ید ئه‌لشوهه‌دا و بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با، ئه‌و به‌ره‌یه‌ پێكده‌هێنن كه‌ به‌ "موقاوه‌مه‌ی‌ ئیسلامی له‌ عێراق" ناسراوه‌.

له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا ئه‌م به‌ره‌یه‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ دژی‌ هێرش بۆسه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشی‌ كردووه‌ته‌سه‌ر چه‌ندین  ئامانج له‌ ئیسرائیل.

رۆژی هه‌ینی سوپای ئیسرائیل كوژرانی دوو سه‌ربازی له‌ لیوای جۆلانی له‌ باكووری ئیسرائیل راگه‌یاند و میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ به‌ فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان ئه‌نجام دراوه‌ كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ هه‌ڵدراوه‌.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و دوو سه‌ربازه‌ ئیسرائیلییه‌ی كه‌ شه‌وی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، ده‌رئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان بووه‌ كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ باكووری جۆلان كراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هاوكات به‌هۆی‌ هێرشی فڕۆكه‌ عێراقییه‌كه‌ 23 سه‌ربازی دیكه‌ش برینداربوون.

ڕۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت ئاشكرای كردووه‌، ئه‌و دوو سه‌ربازه‌ی كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا كوژراون، كه‌ "موقاوه‌مه‌ی‌ ئیسلامی له‌ عێراق" به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ، هه‌ریه‌ك له‌ ڕائید دانیال ئه‌ڤیڤ حایم سۆفه‌ر (19 ساڵ) و عه‌ریف تال درۆر (19 ساڵ)ن.


AM:10:57:05/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت