سه‌رۆك كۆمار: ده‌ستدرێژی سه‌ر لوبنان پێشهاتێكی مه‌ترسیداره‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق ئیدانه‌ی‌ ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ سه‌ر لوبنان ده‌كات و به‌ پێشهاتێكی مه‌ترسیداری‌ ده‌زانێت، ده‌شڵێت: "عێراق هاوشانی براكانی له‌ لوبنان و فه‌ڵه‌ستین ده‌وه‌ستێته‌وه‌".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی‌ ده‌رباره‌ی‌ هێرشه‌كانی‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان بڵاوكرده‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ ئیسرائیل و حزبوڵا بهێنێت.

سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق له‌سه‌ره‌تای‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "به‌توندترین شێوه‌ ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ده‌كرێته‌سه‌ر لوبنانی برا و به‌سه‌دان هاووڵاتی شه‌هید و برینداربوون، ئه‌مه‌ پێشهاتێكی مه‌ترسیداره‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "له‌كاتێكدا دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ عێراق هاوشانی براكانی له‌ لوبنان و فه‌ڵه‌ستین ده‌وه‌ستێته‌وه‌، هاوكات داوای هاوده‌نگیی ته‌واوده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌ردوو گه‌لی برا".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "سه‌رله‌نوێ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیارێتی یاسایی و ئه‌خلاقیی خۆی له‌ئه‌ستۆبگرێت و كاری به‌ په‌له‌ و كاریگه‌ر بكات بۆ راگرتنی جه‌نگ و رێگریكردن له‌ كۆمه‌ڵكوژی ده‌رهه‌ق به‌ هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی".

سه‌رۆك كۆماری عێراق راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌زه‌یی و ره‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار بۆ شه‌هیدان و چاكبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین".


PM:02:13:28/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت