ئه‌نتۆنی‌ بلینكن: گرنگه‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت له‌ڕێی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ عێراق- توركیا ده‌ستپێبكاته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا جه‌ختی‌ له‌ گرنگی‌ كردنه‌وه‌ی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ عێراق- توركیا كرده‌وه‌ به‌ئامانجی‌ هاندانی به‌رده‌وامی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی له‌ ئابووری عێراقدا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلولی 2024، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران له‌شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی خۆی له‌ نیویۆرك پێشوازی له‌ ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كرد.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "پرسی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواری وزه‌ و ئایینده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق و
گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كان له‌م باره‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی ئه‌ركی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌ بۆ بونیاتنانی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمان له‌ سه‌رجه‌م بوار‌ و كه‌رته‌ جیاجیاكاندا، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان سوودانی و بلینكین بووه‌.

هاوكات ماتیۆ میله‌ر وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی له‌ نیویۆرك له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق تاووتوێی هه‌وڵه‌ به‌په‌له‌كانیان كرد بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری ململانێكانی ناوچه‌كه‌ و جه‌ختیان له‌ گرنگی هاوبه‌شی ستراتیژی واشنتن و به‌غدا كرده‌وه‌.

ماتیۆ میله‌ر ده‌ڵێت: "هه‌ردوو سه‌ركرده‌ دیدگای هاوبه‌شیان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ بنیاتنانی هاوبه‌شییه‌كی ئه‌منی به‌رده‌وام كه‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ به‌ره‌وپێش ده‌بات، له‌وانه‌ش به‌رده‌وامی گفتوگۆكان له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئه‌ركی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق بۆ دڵنیابوون له‌ شكستی داعش".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سودانی‌، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا جه‌ختی له‌ پێویستی كردنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی عێراق-توركیا كرده‌وه‌ بۆ هاندانی به‌رده‌وامی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی له‌ ئابووری عێراق و ستایشی پابه‌ندبوونی به‌غدای‌ كرد بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی وزه‌ تا ساڵی 2030.




PM:11:10:23/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت