قائانی بۆ گروپه‌ چەکدارەکانی عێراق: دۆخی سیاسی و چه‌كداری هێور بكه‌نه‌وه‌

‌ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس

وێستگه‌نیوزـ

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كه‌ نوری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، مەبەستی سەردانە لە ناکاو و رانەگەیەندراوەکەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات و باسی له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ په‌یامێكیشی داوه‌ته‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان.


میدیا عێراقییه‌كان له‌ رەسوڵ رازی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، سەردانە دوو رۆژ لەمەوبەرەکەی قائانی بۆ بەغدا بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا بووه‌ بەشێوەیەکی فراوانتر، هەروا پەیامێکی تایبەتی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئیسلامی ئێرانی گەیاندووەتە حکومەتی عێراق، بە تایبەت لەبارەی پێشوازی و میوانداریی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن.

ئاماژەی داوە، قائانی کۆبووەنەوەی تایبەت و تاکلایەنەی لەگەڵ هەندێک لەلایەنە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێک گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق هەبووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە لەم دۆخە هەستیارەی عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە، پێویستە دۆخی سیاسیی و چەکداری هێور بکەنەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوبوونەتەوە، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ هەر یەک لە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلیحەق، حسێن حمێداوی، سەرۆکی کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکەی گرووپە چەکدارەکان کۆبووەتەوە.

ئیسماعیل قائانی شەوی دووشەممە گەیشتە بەغدا و ئێوارەی سێشەممە عێراقی جێهێشتووە، هاوکات لەگەڵ گەیشتنی کۆبوونەوەکانی دەست پێکردووە.


AM:09:38:19/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو