پەرلەمانتارێکی عێراق: کۆمپانیاى کار رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبات


وێستگەنیوز-


حەسەن سالم، سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق یاداشتنامەیەک ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.


وەک لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، "لە پێناو پاراستنى سامانى گشتى و جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، دۆسییەیەکى گەندەڵى مەترسیدار پەیوەست بە بەقاچاخبردنى 100 هەزار بەرمیل نەوت لە لایەن کۆمپانیاى کارەوە لە وێستگەى (سارلۆ) دەخەینە بەردەستان".


ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو دزییە دەچێتە چوارچێوەى تاوانى بە قاچاخبردنى نەوتى و زیانەکانى لەسەر دەوڵەت ملیاران دۆلارە و ئەگەر ئەو 100 هەزار بەرمیل نەوتە بخرایەتە ناو رێککەوتنى چینى (نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە) وڵات لە لوتکەى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا دەبوو".


وەک حەسەن سالم دەڵێت، "لە برى تووندترین سزا و گرتنەبەرى رێکاریی یاسایی، کۆمپانیاى کار چوار کێڵگەى نەوت و گرێبەستى کارەبا پاداشتکراوە، ئەوەش هاندان و بە یاساییکردنى گەندەڵیی و پێچەوانەى کارنامەى حکومەتە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى".


PM:06:07:16/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت