به‌ وێنه‌... ئه‌وانه‌ فه‌رمانده‌كانی داعش بوون كه‌ له‌ بیابانه‌كانی ئه‌نبار كوژران

‌سێ فه‌رمانده‌ی كوژراوی داعش له‌ ئه‌نبار

وێستگه‌نیوزـ

دوای ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی له‌ بیابانه‌كانی ئه‌نبار، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق، كوژرانی ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ پله‌ یه‌كه‌كانی رێكخراوی داعش-ی راگه‌یاند، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی لۆجیستی و ته‌كنیكی و مۆبایل.

فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌ ژێر ناونیشانی "بازی شێره‌كان له‌ بیابانه‌كانی ئه‌نبار"، به‌ره‌به‌یانی پێنجشه‌ممه‌ ده‌ستیپێكرد و بنكه‌ و باره‌گای فه‌رمانده‌كانی داعش-ی كردبووه‌ ئامانج.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، سێ ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینی و دابه‌زاندنی هێزی ئاسمانی ئه‌نجامدران كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ 
هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌، پلانی بۆ دانراوه‌ و سه‌رپه‌رشتی كراوه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی عێراق "واع" سه‌رجه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌سه‌ركه‌وتووی كۆتاییانپێهاتووه‌ و بووه‌ هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی زیاد له‌ 10 پشتوێنی بۆمبریژكراو، پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی چه‌ندین بۆمبی چێندراو و تێكشكاندنی حه‌وت ئۆتۆمۆبێل كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌كانی رێكخراوه‌كه‌وه‌ به‌كارده‌هێنران.

جگه‌ له‌و زیانانه‌ی سه‌ره‌وه‌، له‌ میانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا و ئه‌نجامدانی پشكنینی DNA بۆ كوژراوه‌كان، ناسنامه‌ی 14 كوژراوی داعش ئاشكرا بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ناوی هه‌ندێك له‌ كوژراوه‌كانه‌:

*ئه‌بو سدیق یان ئه‌بو موسلیم، ناوی راسته‌قینه‌ی ئه‌حمه‌د حامد حسێن عه‌بدولجه‌لیل زوین، جێگری والی عێراق بووه‌. 

*مه‌نسور ئه‌بو عه‌لی تونسی، ناوی راسته‌قینه‌ی عومه‌ر بن سویح بن سالم قه‌ره‌‌، ئه‌میری پیشه‌سازی و گه‌شه‌پێدانی دۆسێی كیمایی بووه‌.

به‌ گوێره‌ی لاپه‌ڕه‌ی "پاداشت له‌ پێناو دادپه‌روه‌ری" كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكایه‌، ئه‌م ئه‌میره‌ توونسییه‌، مه‌شق و راهێنانی به‌ ئه‌ندامانی داعش كردووه‌، له‌وانه‌ چۆنیه‌تی دروستكردنی ته‌قه‌مه‌نی و پشتوێنی خۆكوژی و بۆمبی چێنراو و پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی چه‌كی كیمیایی.

*ئه‌بو هومام، ناوی راسته‌قینه‌ی سه‌عد محه‌ممه‌د ناسر، به‌ والی ئه‌نبار ناسراوه‌.

*شاكر هیرات ئه‌لجندی، به‌ به‌رپرسی سه‌ربازی داعش له‌ ئه‌نبار ناسراوه‌.

*ئه‌بو عه‌بد حه‌نوب یان ئه‌بو عه‌بدولره‌حمان، ناوی راسته‌قینه‌ی موعه‌مه‌ر مه‌هدی خه‌له‌ف حسێن، به‌ والی باشور ناسراوه‌.

*وه‌قاس ناوی راسته‌قینه‌ی عه‌لی ره‌باح ره‌جا، به‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌رپرسی دۆسێی ئابوری و دارایی ویلایه‌تی ئه‌نبار ناسراوه‌.

ئاشكرایه‌ هێزه‌كانی عێراق، به‌ هاوكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا، دوای رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی تووند، ساڵی 2017سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ ده‌ركردنی رێكخراوی داعش له‌ عێراق.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، رێكخراوه‌كه‌ له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی عێراق، توانی پارێزگاری له‌ مانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ شانه‌ نووستوووه‌كانی خۆی بكات و له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستیان ئه‌نجامداوه‌.


PM:04:22:13/09/2024














ئه‌م بابه‌ته 1104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت