سودانی: رووبەڕووی هەڵمەتی چەواشەکاری و تۆمەتی چاوپۆشیکردن لە گەندەڵی بووینەتەوە

‌محه‌مه‌د شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

محه‌مه‌د شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی لە دوو ساڵی سەرەتای تەمەنیدا رووبەڕووی "هەڵمەتی چەواشەکاری" و "تۆمەتی چاوپۆشیکردن لە گەندەڵی" بووەتەوە؛ داوا لە "هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان" دەکات، لە تەواوکردنی کارنامەی کابینەکەیدا، یارمەتیدەر بن.
 
محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی ئه‌مڕۆ یەکشەممە، بەبۆنەی تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەکەیدا گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیی پێشێكێش کرد و تیایدا باسی لە دەستکەوت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتەکەی کرد.
 
سودانی وتی: "رەنگە هێشتا ئەو هەلومەرجەی ئەم حکومەتە تیایدا دروستبوو لە یادەوەریی رابردووی نزیکماندا مابێتەوە، لەوانەش ئەو دووڕیانە سیاسییانەی هاتنە پێش، هەروەها نەبوونی روانگەیەکی تەواو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لەپاڵ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و لەرزۆکبوونی متمانە بە هەنگاوە حکومییەکان".
 
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد: "لەو بارودۆخەدا، حکومەتەکەمان دەستیکرد بە خوێندنەوەیەکی ورد و راستبینانە بۆ گرنگترین داواکاری و پێداویستی کە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و حکومەت بەهێزدەکەن و دەستەواژەی حکومەتی خزمەتگوزارمان داڕشت".
  
سودانی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتەکەی "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداریی خستە لووتکەی ئامانجەکانی، چونکە باوەڕی بەو ئامانجە هەبوو چونکە ئەوە  داواکارییەکی جەماوەرییە."
 
وتیشی: "لە رێگەی جێبەجێکردنی یاساوە، نەک خزاندنی ئەم داواکارییەی [چاکسازی) بۆ ناو گۆڕەپانەکانی راگەیاندن و ململانێی بێهوودە، پێشتر و ئێستاش رووبەڕووی هەڵمەتی چەوشەکاری و دەنگۆی ناڕاست و هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنی راستییەکان لەگەڵ درۆ، و تۆمەتبارکردنی حکومەت بەوەی چاوپۆشی لە هەندێک لایەنی گەندەڵی کردووە، بووینەتەوە".
 
سودانی باسی له‌وه‌شكرد، "گەورەترین دەستپێشخەریی فەرمی و یاسایی" بۆ گەڕاندنەوەی سامانی دزراوی عێراق و "گەمارۆدانی گەندەڵکاران" لە لایەن حکومەتەکەیەوە کراون.
 
سەرۆک وزیرانی عێراق راشیگه‌یاندووه‌، "حکومەت لە پێش هەموو دەسەڵاتە دەستوورییەکانەوەیە لە رووبەڕووبوونەوە و لێپرسینەوە لە خراپبەکارهێنانی هەر پلە و پۆستێک کە لە رێگەیەوە هەوڵی خراپەکاری یان پێشێلکردنی یاسا بدرێت، لە هەر ئاستێکدا بێت،" هۆشداریشی دا کە "کەس لە دەستی یاسا دوور نابێت".


PM:11:07:08/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو