ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌دایه‌ و بڕگه‌یه‌ك بۆ كارنامه‌ زیاد كرا


وێستگه‌نیوز-

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ده‌ستی‌ پێكرد و بڕگه‌یه‌ك بۆ كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ زیاد كرا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی.

نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌ ئاماده‌بوونی 172 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ست پێكرد.

به‌پێی فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ چوار ته‌وه‌ر ده‌كات، كه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ هه‌مواری یاسای لێبوردنی گشتی و خوێندنه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌ یاسای به‌شداریكردنی عێراق له‌ ڕێككه‌وتنی پیشانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ پاریس ده‌كرێت، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ هه‌مواری یاسای پارێزه‌ران و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و ڕێككه‌وتنی نێوان عێراق و سوریا له‌ بواری ئاسمانیدا ده‌كرێت.

میدیا عێراقییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ داواكاری‌ په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كان بۆ زیادكردنی‌ هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی بۆ كارنامه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، شه‌ڕه‌ قسه‌ له‌نێوان په‌رله‌مانتاران دروست بووه‌.

ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه‌ دواتر بڕگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ زیاد كراوه‌، كه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتییه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كان ڕازی نین له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌كه‌.

هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی له‌ نێو پێكهاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان مشتومڕی‌ دروستكردووه‌ به‌وپێیه‌ی‌ له‌ مادده‌ی 2ـی پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتیدا هاتووه‌، دادگای باری كه‌سێتی ئه‌و گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریانه‌ قبوڵبكات كه‌ له‌لایه‌نێكی دادوه‌ریی یان ئاینی یان له‌ دیوانه‌كانی وه‌قفی سوننه‌ و شیعه‌ ئاڕاستده‌كرێن و نابێت ته‌مه‌نی یاسایی رێگربێت له‌ قبوڵكردنی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌.


PM:04:16:04/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو