موسڵ... كه‌سێك خوشكه‌كه‌ی به‌ گۆچان كوشت


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق ده‌ستگیركردنی‌ كه‌سێكی‌ راگه‌یاند و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ خوشكه‌كه‌ی خۆی به‌ گۆچان كوشتووه‌ و دواتر ته‌رمه‌كه‌ی له‌ گۆڕستانێكی شاره‌كه‌ شاردووه‌ته‌وه‌.


 ئه‌مڕۆ هه‌ینی2ی‌ ئابی‌ 2024، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ هێزێكی هاوبه‌ش له‌ فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌وا توانییان له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا له‌ به‌ری‌ راستی‌ موسڵ‌ تۆمه‌تبارێك به‌ كوشتنی‌ كه‌سێك ده‌ستگیر بكه‌ن.

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ده‌ڵێت: "له‌ماوه‌ی‌ 15 كاتژمێردا ورده‌كاری‌ تاوانی‌ كوشتنێكی‌ ئافره‌تێك ئاشكرا كرا و تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیر كرا".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ "تۆمه‌تباره‌كه‌ برای‌ ئافره‌ته‌كه‌یه‌ و به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ خێزانییه‌وه‌ به‌ گۆچان لێیداوه‌ و سه‌ری‌ و جه‌سته‌ی‌ برینداربووه‌ و ئاماده‌ش نه‌بووه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ست داوه‌".

روونشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و تۆمه‌تباره‌ دوای‌ تاوانه‌كه‌، ته‌رمی‌ خوشكه‌كه‌ی‌ بردووه‌ته‌ گۆڕستانی‌ مه‌ئمون و له‌وێ‌ شاردوویه‌تیه‌وه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌گوێره‌ی ماده‌ی 406ی یاسای سزادانی عێراق ده‌ستگیركراوه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كوشتنی ئه‌نقه‌ست و سزاكه‌ی له‌سێداره‌دانه‌ و رێكاری‌ یاسایی له‌دژی‌ ده‌گیرێته‌به‌ر.


PM:02:43:02/08/2024




ئه‌م بابه‌ته 2492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو