حەلبوسی به‌ سێ مه‌رج هێزه‌ شیعه‌كانی سه‌رسام كردووه‌


وێستگه‌نیوزـ

بۆ یەکەمجار له‌ دوای دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەیەکی سەبارەت بە قەیرانی کاندیدە بەدیلەکان ئەنجامدا بەبێ ئەوەی دەرئەنجامەکانی رابگەیەنن، هاوكات محه‌مه‌د حەلبوسی، سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق بە سێ مەرجی "قورس" بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، هێزەكانی شیعەی سەرسام کرد.

زیاتر لە حه‌وت مانگ تێپەڕیوه‌ به‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام تائێستا نەیانتوانیوه‌ بەدیلێک بۆ حەلبوسی هەڵبژێرن، لە کاتێکدا ناکۆکی نێو ماڵی سوننە قوڵتر بوەته‌وە.

هێزە سوننەکان کە کێبڕکێ لەگەڵ حەلبوسی دەکەن، چەند مانگێکە هەوڵی پێشکەشکردنی کاندید دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ دورخستنەوەی پارتی تەقەدوم به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبوسی.

حەلبوسی و سەركردەی حزبە سوننیەكان شەوی چوارشەممەی رابردوو به‌شداریان كرد له‌ كۆبونه‌وه‌ی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، به‌ڵام دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ هیچ راگه‌یه‌ندراوێك بڵاونه‌كرایه‌وه‌، هاوكات سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، حەلبوسی مه‌رجی هه‌بوه‌، كه‌ بریتیی بوه‌ له‌وه‌ی نەیارەكانی سێ‌ ناو دیاری بكەن و ئەو یەكێكیان هەڵبژێرێت یان ناوبراو ناوەكان دیاریبكات و ئەوان هەڵیبژێرن، لەگەڵ سازشكردنیان لە پۆستی وەزارەتی بازرگانی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامه‌ی شەرق ئەلئەوسەت-ی راگەیاند، "سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتی کۆبونەوەکەدا داوایان لە نوێنەرانی هێزە سوننەکان کرد، بۆچونی خۆیان لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەرببڕن، بەڵام هێزە شیعەکان ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ ده‌ربڕی"، لە هەمانکاتدا جەختی لەوەکردەوە کە کاندیدی سوننە دەبێت مەرجەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تیادا بێت.

ئەو سەرچاوەیە بڵاویکردەوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان لەسەر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان كردوه‌ته‌وه‌ و نایانه‌وێت چیتر موحسین مەندەلاوی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌ وه‌كاله‌ت به‌رده‌وام بێت.


PM:02:23:26/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 5088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت