هۆشداری‌ ده‌درێته‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا سه‌باره‌ت به‌ دزه‌كردنی ئه‌ندامانی‌ داعش


وێستگه‌نیوز-
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ڕۆژئاوای نه‌ینه‌وا هۆشداری دا له‌ دزه‌كردنی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ رێكخراوی‌ داعش كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان هه‌یه‌ و به‌م دواییه‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی خۆسه‌ری باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریاوه‌ به‌ بڕیارێك ئازاد كران له‌وه‌ی‌ دووباره‌ بێنه‌وه‌ ناو عێراق.

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ڕۆژئاوای نه‌ینه‌وا له‌ بروسكه‌یه‌كی‌ ئه‌منیدا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ كه‌وتووه‌، ڕایگه‌یاندووه‌، له‌نێو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی داعش كه‌ به‌ لێبوردنی گشتی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی خۆسه‌ره‌وه‌ ئازادكراون، 470 عێراقی بوون.

له‌ بروسكه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ماوه‌ی داهاتوودا دزه‌ بكه‌نه‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی سه‌ركردایه‌تی داوای گرتنه‌به‌ری ئه‌وپه‌ڕی ڕێوشوێنی خۆپارێزی و وریایی و گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی كردووه‌.

به‌پێی‌ بروسكه‌كه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ 1200 چه‌كدار و فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی داعش ده‌ركردووه‌ كه‌ 470 كه‌سیان هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقین.

به‌وته‌ی‌ محه‌مه‌د كاكه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، "ئه‌و 470 چه‌كداره‌ی داعش كه‌ هۆشداریی له‌باره‌یانه‌وه‌ دراوه‌، زۆرینه‌یان خه‌ڵكی شاری موسڵن و له‌ دوای ئازادكردنی شاره‌كه‌ له‌ ساڵی 2017 له‌ ده‌ستی داعش، به‌ره‌و سنووری سوریا هه‌ڵاتوون و له‌وێ ده‌ستگیركراون".

پێشتر وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌ربه‌ستی كۆنكرێتی و كامێرای چاودێرییه‌وه‌، 80%ی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا كۆنترۆڵكردووه‌.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 17ی ته‌مموزی 2024 ئه‌نجومه‌نی گه‌لی دیموكرات له‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ری باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا یاسای لێبوردنی گشتی بۆ ئه‌و تاوانانه‌ په‌سه‌ند كرد كه‌ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری ژماره‌ 7ی ساڵی 2021 ده‌یانگرێته‌وه‌.

یاساكه‌ كه‌ "تاوانه‌ تیرۆریستییه‌كان" له‌خۆده‌گرێت، شه‌ش مادده‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ تێیدا لێخۆشبوون له‌ سزای نیوه‌ زیندانیكردنی كاتی و گۆڕینی زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌ زیندانیكردنی 15 ساڵ دیاریكراوه‌.





PM:10:13:23/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت