UN: عێراق به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت ببێته‌ ناوه‌ندێكی ناوچه‌یی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان


وێستگه‌نیوز-
راپۆرتێكی‌ رێكخراوی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ خه‌ریكه‌ عێراق بۆ "ناوه‌ندێكی" ناوچه‌یی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌گۆڕێت.


به‌پێی راپۆرتێك كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ساڵی رابردوو ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی پێوانه‌یی حه‌بی كاپتاگۆندا گرت، كه‌ ره‌نگه‌ به‌هاكه‌ی بگاته‌ 144 ملیۆن دۆلار، هۆشداریشیداوه‌ له‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ ده‌گۆڕێت بۆ "ناوه‌ندێكی" گرنگ بۆ بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ عێراق میوانداری كۆنفرانسێكی كرد كه‌ تێیدا وه‌زیر و به‌رپرسانی وڵاتانی هه‌رێمی و عه‌ره‌بی به‌شداریان كرد، به‌ ئامانجی پته‌وكردنی هاریكاری هاوبه‌ش له‌ بواری كۆنتڕۆڵكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

له‌ راپۆرتێكی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و تاوانه‌كان هاتووه‌ كه‌ "له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا عێراق بووژانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بازرگانیكردن و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بووه‌"، به‌تایبه‌تی حه‌بی كاپتاگۆن و میتامفیتامین.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، له‌ ساڵی 2023، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌ستیان به‌سه‌ر "24 ملیۆن حه‌بی‌ كاپتاگۆن"دا گرتووه‌، كه‌ كێشیان زیاتر له‌ 4.1 تۆن بووه‌ و به‌هاكه‌ی به‌پێی نرخی جومله‌ له‌نێوان 84 بۆ 144 ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2022 و 2023 "ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كاپتاگۆن نزیكه‌ی سێ هێنده‌ زیادیكردووه‌"، ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ساڵی رابردوو "34 هێنده‌ زیاتر بووه‌" له‌ چاو ساڵی 2019دا.

كاپتاگۆن ناوێكی كۆنه‌ بۆ ده‌رمانێك كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌ڵام ئه‌م حه‌بانه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هانده‌ری ئه‌مفیتامین دروستكراون، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ ژماره‌ یه‌ك له‌ڕووی دروستكردن و قاچاخچێتی و ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانیش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كه‌نداوی عه‌ره‌بی.

ڕاپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری داوه‌ كه‌ "عێراق مه‌ترسی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ كه‌ ببێته‌ ناوه‌ندێكی گرنگ بۆ بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و نزیكدا، به‌و پێیه‌ی عێراق ده‌كه‌وێته‌ یه‌كتربڕینی رێكخراوێكی ئاڵۆزی جیهانی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌”.

به‌غدا زۆرجار ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بڕێكی زۆر مادده‌ی هۆشبه‌ر راده‌گه‌یه‌نێت، دیارترینیان كاپتاگۆن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ سوریاوه‌ به‌ قاچاخ ده‌هێنرێت و بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دروستكردنی ئه‌و حه‌به‌ مادده‌ هۆشبه‌رانه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌دا 82ی حه‌بی كاپتاگۆن كه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، له‌ سوریاوه‌ هاتووه‌، له‌ دوای ئه‌ویش لوبنان به‌ رێژه‌ی سه‌دا 17.

هه‌روه‌ها عێراق ورده‌ ورده‌ ده‌گۆڕێت بۆ رێڕه‌وی قاچاخی میتامفیتامین كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و ماده‌یه‌ باشووری رۆژئاوای ئاسیا و به‌تایبه‌ت ئه‌فغانستانه‌ به‌ره‌و وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌وروپا و له‌ نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی له‌ عێراق نزیكه‌ی 6 هێنده‌ زیادبووه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری داوه‌ له‌ "زیادبوونی گواستنه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ رێگه‌ی عێراق و وڵاتانی دراوسێیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونی به‌كارهێنانی ناوخۆیی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا”.

له‌م دواییانه‌دا حكومه‌ته‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕتر كردووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاخچێتی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ئه‌مه‌ش له‌ژێر فشاری گه‌وره‌ی وڵاتانی كه‌نداودا به‌ سه‌رۆكایه‌تی سعودیه‌.

له‌ میانی كۆنفرانسه‌كه‌ی رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ به‌غدا، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ "عێراق كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك یان هه‌وڵێك له‌گه‌ڵ برا و دۆستان”، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ "تاوانێكی سنووربه‌زێن” وه‌سفی كرد.
وتیشی: "ئێمه‌ پشتگیری له‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌كه‌ین كه‌ ئامانج لێی له‌ناوبردنی‌ شوێنی ژه‌هری ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانیان بێت".

له‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆتاییدا، به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌كه‌ پێشنیاریان كرد " میكانیزمه‌كانی كاركردنی‌ پێكه‌وه‌یی به‌هێزبكرێت و بنه‌مای یه‌كگرتن له‌ كاری ئه‌منیدا په‌سه‌ند بكرێت به‌ مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی‌ رێگاكانی قاچاخچێتی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان".




AM:12:15:23/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت