ئایا له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر عێراق په‌یوه‌ندی به‌ كۆتاییهاتنی په‌یماننامه‌ی لۆزانه‌وه‌ هه‌یه‌؟


وێستگه‌نیوزـ

یاسر ئه‌لحسێنی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دوێنێ شه‌ممه‌ 20ی ته‌موزی 2024، رایگه‌یاند، ئه‌جێندای راسته‌قینه‌ی له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ندێك ناوچه‌ی باكوری عێراق، به‌ نه‌هێشتنی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆتایی نایه‌ت و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات په‌یوه‌ندی به‌ كۆتاییهاتنی په‌یماننامه‌ی لۆزانه‌وه‌ هه‌یه‌.


یاسر له‌ لێدوانێكیدا بۆ به‌غداد ئه‌لیوم ده‌ڵێت: "له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردوو، هێزه‌كانی توركیا له‌ شه‌ش بۆ حه‌وت ناوچه‌ی سنوری دهۆك، دیارترینیان ده‌وروبه‌ری ئامێدی و شاخی گاره‌ و مه‌تین، ئۆپه‌راسیۆنێكی له‌شكركێشی  به‌رفراوانی ده‌ستپێكرد".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: "هێزه‌كانی توركیا، لاوازی سیاسی به‌غدادیان قۆستووه‌ته‌وه‌ و بۆ زیادكردنی فشار له‌سه‌ر به‌غداد كه‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بێت، ته‌نانه‌ت كاردانه‌وه‌ی سیاسیشی نه‌بێت، كارتی ئاو به‌كارده‌هێنێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا په‌یوه‌سته‌ به كۆتاییهاتنی رێكه‌وتنی لۆزانه‌وه‌ كه‌ سیمای خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سنوری وڵاتانی ده‌ستنیشان كردبوو".

ئه‌لحسێنی له‌م باره‌یه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات: "ئه‌نقه‌ره‌ ساڵانه‌ بودجه‌یه‌كی راگه‌یه‌ندراو ته‌رخان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ناوی ده‌نێت گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێی وایه‌ به‌شێكن له‌ نه‌خشه‌ گه‌وره‌كه‌ی توركیا، له‌وانه‌ كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ی رووده‌دات شتێكی نهێنی نییه‌، بگره‌ واقیعێكه‌ بوونی هه‌یه‌ و له‌ میدیاكانی توركیا بڵاوبووه‌ته‌وه".

یاسر زیاتر روونیده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێت: "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كۆتایی به‌ پارتی كرێكارانی كوردستانیش بێت و ئه‌و پارته‌ ببێت به‌ به‌شێك له‌ رابردوو، توركیا له‌ یه‌ك بست خاك ناكشێته‌وه‌ كه‌ به‌ زه‌بری هێزی چه‌ك داگیركردووه‌ و له‌ سنوری دهۆكیش راناوه‌ستێت، بگره‌ ده‌ڕوات بۆ نه‌ینه‌وا و پاشان بۆ كه‌ركوك كه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌وت و غازه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پارتی كرێكاران ته‌نها بیانوویه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی له‌شكركێشی زیاتر كه‌ ناو به‌ ناو رووده‌دات، ئه‌مه‌ له‌ سیاسه‌تی قه‌پگرتن له‌ زه‌وی ده‌چێت، سیاسه‌تێك بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان، به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چه‌ند كاتی پێده‌چێت. ئا ئه‌مه‌یه‌ پێویسته‌ ئاگاداری بین، ئه‌وه‌ی‌ له‌ دهۆك و ناوچه‌كانی دیكه‌ رووده‌دات، له‌ناوبردنی پارتێكی ئۆپۆزسیۆن نییه‌، به‌ڵكو سه‌رله‌نوی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و كۆنترۆڵكردنه‌".

له‌ به‌رامبه‌ردا، لایه‌نی توركی ده‌ڵێت ئامانج له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی پارێزرا و چۆڵكراوه‌ له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ قووڵایی 40 كیلۆمه‌تر.

توركیا باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ی رووده‌دات، به‌ هه‌ماهه‌نگی و له‌ رێگه‌ی ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق رووده‌دات، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ یاداشتی لێكتێگه‌یشتن و رێككه‌وتنی نێوان سودانی و ئه‌ردۆغان له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر.

په‌یماننامه‌ی لۆزان، بریتییه‌ له‌و په‌یمانامه‌یه‌ی ساڵی 1923 واژۆكرا، تیایدا دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، سنووره‌كانی توركیا دیاریكرا. دوای تێپه‌ڕبوونی 100 ساڵ به‌سه‌ر واژۆكردنی په‌یماننامه‌كه‌دا، ساڵی 2023 په‌یماننامه‌كه‌ و مه‌رجه‌كانی كۆتاییان پێهات.


PM:01:00:21/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت