سه‌رۆك كۆمار جه‌خت له‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاری نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌میانی‌ پێشوازیكردنی‌ له‌ باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق جه‌خت له‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاری نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كاته‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ عێراق ده‌خوازێت په‌یوه‌ندی نایابی له‌گه‌ڵ توركیای دراوسێی له‌ ئاسته‌ جیاجیاكاندا هه‌بێت.


نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆمار پێشوازیكرد له‌ عه‌لی ره‌زا گونای باڵیۆزی كۆماری توركیا له‌ عێراق و له‌ میانی دیداره‌كه‌دا، كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21-4-2024 له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر "په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و به‌هێزكردنی هاریكاری و هاوئاهه‌نگی نێوان هه‌ردوو وڵات، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردوو گه‌لی دۆست بكات".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاری نێوان به‌غداد و ئه‌نقه‌ره‌ و كاری هاوبه‌ش له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی بۆ چه‌سپاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ناوچه‌كه‌دا".

سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ "عێراق ده‌خوازێت په‌یوه‌ندی نایابی له‌گه‌ڵ توركیای دراوسێی له‌ ئاسته‌ جیاجیاكاندا هه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌ په‌رۆشه‌ بۆ بنیاتنانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی برا و دۆست له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری ناوخۆ".

لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆز عه‌لی ره‌زا گونای خواستی وڵاته‌كه‌ی بۆ چه‌سپاندنی هاریكاری و هاوئاهه‌نگی دوپاتكرده‌وه‌ له‌پێناو هێنانه‌كایه‌ی لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و پرسه‌ ئیقلیمییه‌كان. هه‌روه‌ها ئاماده‌كارییه‌كانی سه‌ردانی سه‌رۆكی توركیای بۆ عێراق خسته‌ڕوو.


PM:05:19:21/04/2024








ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت