هۆكاری كوشتنی ئاوه‌ڵزاواكه‌ی هادی عامری ئاشكرابوو


وێستگه‌ نیوزـ

وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی راگه‌یاند کە تۆمەتبارن بەکوشتنی ئامۆزا و ئاوه‌ڵزاواکەی هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی فه‌تحی راگه‌یاند و ده‌ركه‌وت كه‌ هۆكاره‌كه‌ شه‌ڕی نێوان بكوژ و كوژراوه‌كان بووه‌ له‌سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌ك.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ فه‌ریق میقداد میری، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیسی پارێزگای به‌غدا له‌ به‌شی ره‌سافه‌ ده‌ستیان كردوه‌ به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست له‌ دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ كوشتنی دو هاوڵاتی له‌ ناوچه‌ی ره‌شیدیه‌ی باكوری به‌غدا. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیس توانیان دوو له‌ تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیر بكه‌ن، هێشتا ئۆپه‌راسیۆنی گه‌ڕان و پشكنین به‌رده‌وامدان بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی دیكه‌ كه‌ به‌شداربون له‌م ڕوداوه‌دا كه‌ ده‌ستڕێژی گوللـه‌ له‌ دوو هاوڵاتی كراوه‌ له‌كاتێكدا له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزه‌ردا بون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، له‌سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌ك له‌ ناوچه‌ی (عه‌نافصه‌)ی راشیدیه‌ی به‌غدا، بكوژ و كوژراوه‌كان ناكۆكییان له‌نێواندا هه‌بووه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاری كوشتنه‌كه‌یان بووه‌.


PM:08:51:18/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 11780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت