بڕیاری‌ سزادانی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ درا كه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان نه‌بوون

‌موحسین مه‌نده‌لاوی سه‌رۆكی كاتیی پەرلەمانی عێراق

وێستگه‌نیوز-
فه‌رمانگه‌ی میدیایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ناوی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌ماندا ئاماده‌نه‌بوون به‌ بڕینی‌ یه‌ك ملیۆن دینار له‌ مووچه‌كانیان سزا ده‌درێن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی‌ شوباتی‌ 2024 په‌رله‌مانی عیراق كۆبووه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پڕۆژه‌یاسای ھه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ھاتووچۆی ژماره‌ 8ی ساڵی 2019 ئه‌نجامدا.

 ھه‌روه‌ھا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای ھه‌مواری یه‌كه‌می یاسای نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی ئه‌ندامانی مرۆڤ و رێگری كردن له‌ بازرگانیكردن پێوه‌ی ئه‌نجامدا.

دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌ ئاماده‌بوونی‌ 168 په‌رله‌مانتار به‌ڕێوه‌چوو، هاوكات موحسین مه‌نده‌لاوی سه‌رۆكی كاتیی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بڕیاریدا به‌بڕی یه‌ك ملیۆن دینار سزای ھه‌ر په‌رله‌مانتارێك بدرێت كه‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا ئاماده‌ نه‌بوون.

بڕیاره‌ سبه‌ینێش په‌رله‌مانی  عیراق كۆببێته‌وه‌ و شه‌ش بڕگه‌ تاووتوێ بكات و له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی تۆڕی راگه‌یاندنی عیراق بكات.

دواتریش خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ چوار پڕۆژه‌یاسا ده‌كرێت، كه‌ بریتین له‌ پڕۆژه‌یاسای تۆماركردنی گیانله‌ده‌ستدان و له‌دایكبوون، ھه‌روه‌ھا پڕۆژه‌یاسای وه‌رگرتنی زانیاری و ھه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و ده‌سته‌ی باڵا بۆ په‌ره‌دان به‌ ژنان.

له‌ كۆتا بڕگه‌شدا، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای په‌سه‌ندكردنی كۆماری عیراق له‌سه‌ر پرۆتۆكۆلی ھه‌مواری مادده‌ی 50 و 56 له‌ رێككه‌وتنی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی نێوده‌وڵه‌تی بۆساڵی 1944 ده‌كرێت.


PM:04:57:12/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 2060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت