په‌رله‌مان نووسراوێكی‌ بۆ دیاریكردنی‌ جێگره‌وه‌ی حه‌لبوسی وه‌ك په‌رله‌مانتار ئاراسته‌ی‌ كۆمسیۆن كرد


وێستگه‌نیوز-
ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق نووسراوێكی‌ ئاراسته‌ی‌ كۆمسیۆن كرد بۆ دیاریكردنی‌ جێگره‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌ر وه‌ك په‌رله‌مانتار.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023، سادق جومعه‌ جێگری‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق نووسراوێكی‌ ئاراسته‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق كرد.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا داوا له‌ كۆمسیۆن كراوه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی‌ دوورخراوه‌ی‌ په‌رله‌مان وه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ بازنه‌ی یه‌كی پارێزگای ئه‌نبار دیاری بكات.

جێگری‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق داوای‌ له‌ كۆمسیۆن كردووه‌ كه‌ به‌زووترین كات جێگره‌وه‌كه‌ دیاری‌ بكات.

رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 14ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023 دادگەی‌ باڵای‌ فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکی‌ لەیس دلێمی‌ په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو، ئەندامێتیی‌ محەممد حەلبوسی سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ لە پەرلەمانی‌ عێراق هەڵوەشاندەوە.
 
له‌ كاردانه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ حه‌لبوسی له‌ به‌غدا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نوووسیدا وتی‌: "ئه‌ركه‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی بریتین له‌ چاودێریكردنی ده‌ستوور و یاسا كارپێكراوه‌كان و پاراستنی ده‌قه‌كانی ده‌ستوور".

وتیشی: "بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".

راشیگه‌یاند كه‌ "هیچ په‌رله‌مانتارێك بۆی نییه‌ تانه‌ پێشكێشی دادگه‌ی فیدراڵی بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر داواكه‌ی پێشكێشی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكات".


PM:03:12:20/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 1456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت