بۆ به‌شداری له‌ پرسه‌ی قوربانییه‌كان سه‌رۆك كۆماری عێراق گه‌یشته‌ قه‌زای حه‌مدانیه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌م هه‌ینی گه‌یشته‌ قه‌زای حه‌مدانیه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ پرسه‌ی قوربانیانی ئاهه‌نگه‌كه‌ شه‌وی 26ی ئه‌م مانگه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاترله‌ 100 كه‌س سوتان و گه‌یانله‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی زۆری دیكه‌ش بریندارن.

شەوی 26-09-2023 ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی قەزای حەمدانییە کەوتەوە. سەرچاوەی ئاگرەکەش گڕدانی یاریی ئاگرین بوو لە نێو هۆڵەکەدا. 

به‌پێی دوایین ئاماری رێکخراوی مانگی سووری عێراقی لە پارێزگای نەینەوا، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 116 کەس و نزیکەی 200 کەسیش بریندارن.

ئه‌مڕۆش هه‌ینی 29ی ئه‌یلول، له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق گه‌یشته‌ قه‌زاكه‌ و به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ گه‌یاندنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشییه‌ به‌ كه‌سوكاری قوربانییه‌كان، لەمیانی وتەیەکیشدا رایگەیاند: هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، حكومەت ئامادەیە بۆ هاوكاریی ئەو بریندارانەی پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات، ئاماژەی بەوەش كرد، وەزیرانی تەندرووستی و كۆچ و كۆچبەران لە ئامادەباشیدان بۆ هەر كارێكی پێویست بۆ كەسوكاری قوربانییەكان و بریندارەكان.

وتیشی: ئەمڕۆ هاتین بۆ سەرەخۆشی لەوانەی كەسوكاریان لەدەستداوە و بەسەركردنەوەی برینداران، هەروەها ئەوانەی كە گیانیان لەدەستداوە بە شەهید هەژمار دەكرێن و سەرجەم نەخۆشخانەكانی سەر بەوەزارەتی تەندرووستی ئامادەن بۆ چارەسەركردنی بریندارەكان.

پێشتریش محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌ردانی قه‌زاكه‌ی كرد و رایگه‌یاند كه‌ توندترین سزای ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌درێت كه‌ كه‌مته‌رخه‌من و بڕیاریدا قه‌ره‌بوی كه‌سوكاری قوربانییه‌كان بكاته‌وه‌، سودانی سێ رۆژ ماته‌مینیی گشتیی راگه‌یاند و له‌ هه‌رێمی كوردستانش خاوه‌ن هۆڵه‌كه‌ ده‌ستگیركرا و هاوشێوه‌ی عێراق سێ رۆژ كرا به‌ ماته‌مینیی گشتی.


AM:11:36:29/09/2023
















ئه‌م بابه‌ته 1500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو