عێراق: تەنیا لە یەک مانگدا ٦٩٧٣، یەک ڕۆژ ٢٣٥ و لە یەک کاتژمێریشدا ١٠ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە


وێستگەنیوز-(سکای نیوز)

ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق، تازەترین ئاماری دەربارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراق بڵاو کردەوە کە ژمارە و داتاکانی شۆکهێنەر و مەترسیدارن، بەپێی ئەو ئامارەی ئەنجوومەنەکە تەنیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا ٦٩٧٣ حاڵەتی جیابوونەوە (تەڵاق) لە دادگا عێراقییەکاندا تۆمار کراون، کە تەنیا لە یەک ڕۆژی ئەو مانگەدا ٢٣٥ حاڵەت و لە یەک کاتژمێریشدا ١٠ حاڵەتی جیابوونەوە ڕوویان داوە.

ئەم ئامارەی ئەنجوومەنە دادوەرییەکە، جەخت و پشتڕاستکردنەوەی هەڵکشان و بەرفراوانتر بوونی ئەم دیاردەیەیە کە ساڵانە ژمارەی حاڵەتەکان دەیان هەزارە، کە بە پێی ئامارەکانی ئەو ئەنجوومەنە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٧٣ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگا جیاوازەکانی عێراق تۆمار کراون.

ئەو ئامارانەی ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق بڵاویان دەکاتەوە، مانگانەیە و وردەکاریی زۆری تێدایە، بەڵام ئامارەکان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر ئاماری حاڵەتەکانی جیابوونەوەی پارێزگاکانی هەرێمیش بخرێتە پاڵ ئەو ئامارانە، ئەوە ژمارەکان بۆ ئاستێکی زۆر مەترسییدارتر هەڵدەکشێن.

سەبارەت بە هۆکارەکانیش، نەوال ئیبراهیم، توێژەری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی (سکای نیوز)ـی ڕاگەیاندووە هۆکاری ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژیی و ژینگەیی لەپشت هەڵکشانی بەردەوامی ئەو دیاردەیەوەن، هەر بۆ نموونە، هۆکاری ئابووریی بەشێکی بەرچاو لە هاوسەران ناچار دەکات لەژێر یەک میچ لەگەڵ باوانیاندا بمێننەوە، ئەوەش کێشەی زۆری لێ دەکەوێتەوە و سەر دەکێشێت بۆ جیابوونەوە.

ئەو توێژەرە خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاش بە هۆکارێکی دیکەی ئەم دیاردەیە دەزانێت، کە بە هۆیەوە دیاردەکانی وەکو ناپاکیی هاوسەران و گێچەڵپێکردن و تیزپێکردنی ئەلەکترۆنی (الابتزاز الاکترونی) زۆر پەرەیان سەندووە و ئەوانەش هەمیشە سەر دەکێشن بۆ کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورە و سەرەنجامیش لێک جیابوونەوە.

پسپۆڕانی کۆمەڵایەتیی و دەروونیی، ئاماژە بە چەندین هۆکاری دیکە دەدەن، لەوانەش بێکاریی، هەژاریی، هاوسەرگیریی پێشوەختە و زووبەشوودان، کە هەموو ئەمانەش سەرەنجامەکەیان کێشە و لێکجیابوونەوەیە.

سارە جاسم، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، بە (سکای نیوز)ـی ڕاگەیاندووە بەشێکی بەرچاو لە حاڵەتەکانی جیابوونەوە پەیوەستن بە توندوتیژیی خێزانییەوە، بە تایبەتیی کە ماددەی ٤١ لە یاسای سزادانی عێراقیی، مافی داوەتە مێرد بە پاساوی تەربێتدانی ژنەکەی توندوتیژیی لە دژی پیادە بکات، ئەمەش هۆکارێکی گەورەی پشت حاڵەتەکانی جیابوونەوەیە.


PM:03:07:24/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 2068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت