سودانی‌: ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر سنووره‌كانی‌ عێراق ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سكاڵایان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ توركیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم، هێماشی‌ به‌وه‌دا كه‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر سنووره‌كانی‌ عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.


محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بلومبێرگی ھه‌واڵیی ئه‌مریكیی له‌ نیویۆرك رایگه‌یاند كه‌ "ھه‌وڵ بۆ نرخێكی لۆژیكی ده‌ده‌ین بۆ نه‌وت كه‌ تێیدا زامنی به‌رژه‌وه‌ندی وه‌به‌رھێنه‌ران و به‌كاربه‌ران بكرێت، ئێمه‌ نرخێكی جێگیرمان نییه‌ و وای ده‌بینین نرخی گونجاو بۆ نه‌وت بڕی 85 بۆ 90 دۆلاره‌ بۆ ھه‌ر به‌رمیلێك".

محه‌مه‌د شیاع سودانی وتی‌: "عێراق ده‌بێت به‌ وڵاتێكی كارا له‌ بازاڕی غازدا".

وتیشی‌: "چاوه‌ڕوانی لایه‌نی توركین بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ھه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ڕێگای ھێڵی توركیاوه‌ به‌تایبه‌تیش نه‌وتی وه‌به‌رھێنراوی ھه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی گشتی وڵاتدا ده‌بێت".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌گه‌ڵ‌ توركیا له‌ دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تیی سكاڵامان له‌دژی یه‌كتر ھه‌یه‌، به‌ڵام دانوستانمان ھه‌یه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ھه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ دۆسیه‌ یاساییه‌كانی تر له‌ دادگا".

سودانی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "راوه‌ستانی ھه‌نارده‌ی نه‌وت زیان به‌ ھه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت به‌ لایه‌نی توركیاشه‌وه‌".

ئاشكراشیكرد كه‌ "چاومان به‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ كه‌وتووه‌ كه‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن و ئاره‌زوویان ھه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌ به‌شه‌كانی تری عێراق".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "له‌ دیدارماندا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باسمان له‌ كاراكردنی رێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژی و ھاتنه‌ناوه‌وه‌ی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ھه‌نارده‌ی نه‌وت كرد له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یھانی توركیاوه‌ كرد".

راشیگه‌یاند كه‌ "ھه‌ڵوێستی فه‌رمیمان دیاره‌ كه‌ پێویستمان به‌ بوونی سه‌ربازیی یان ھێزی شه‌ڕكه‌ری بیانیی نییه‌ له‌ عێراق و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانمان له‌ توانایاندایه‌ ئاسایش بچه‌سپێنن".

سودانی‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ "عێراق نابێته‌ گۆڕه‌پانی‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ ململانێكان و ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر سنووره‌كانی‌ عێراق ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و پابه‌ندین به‌وه‌ی‌ رێگه‌نه‌ده‌ین هیچ گروپێكی‌ چه‌كدار له‌سه‌ر خاكه‌كه‌مان هه‌بێت".


PM:08:50:21/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو