رۆژنامەی الشرق الاوسط: بەغدا مووچە دەنێرێت بەڵام زۆر درێژە ناکێشێت
کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران. وێنە: ئەرشیڤ
وێستگەنیوزـ
رۆژنامەی الشرق الاوسط-ی سعوودی لە ژمارەی دوێنێ و ئەمڕۆیدا دوو راپۆرتی درێژی لەبارەی دواهەمین پەرەسەندنەکانی ناکۆکیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق بڵاوکردوەتەوە، بەپێی رۆژنامەکە هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و سەرچاوە سرووشتییەکان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی دەکرێن، هەروەها بڵاویکردوەتەوە کە بەشێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان ناڕازیین لە ناردنی هەر جۆرە پارەیەک بۆ هەرێم ئەگەر کۆک نەبێت لەگەڵ یاسای بودجەدا و هەر لە ئێستاوە ئامادەکاریی دەکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی سودانی.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە ناردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە ئەگەرێکی بەهێزە، بەڵام ئەم رێککەوتنەش لەرزۆکە و بەرگەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لا ناگرێت، سەرچاوەیەک بە رۆژنامەکەی وتووە، "حکومەتی عێراق رازیی بووە بڕی 800 ملیار دینار و بۆ ماوەی شەش مانگ بداتە حکومەتی هەرێم"... بەڵام سەرچاوەی دیکە بە رۆژنامەکەیان وتووە "بەغدا تەنیا بۆ سێ مانگ ئەو بڕە پارەیە دەداتە هەرێم".
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە رۆژنامەکەی وتووە، "هێشتا بڕیار لە هیچ شتێک نەدراوە و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار دەدرێت".
چەند ئەندامێکی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەش بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە کە "ناردنی پارە بۆ هەرێم مافێکە کە دەستوور زامنی کردووە، بەڵام پەیوەستە بە رستێک پابەندبوونی یاساییەوە کە لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمە".
هەمان سەرچاوە بە رۆژنامەکەی وتووە: "چارەسەری درێژخایەن پێویستیی بە یاسادانان و هەندێک گۆڕانکاریی و هەمواری چەند یاسایەک هەیە"... بەرپرسێکی دیکەی حکومەتی عێراقی بە رۆژنامەکەی وتووە: "ئەستەمە حکومەت رازیی ببێت پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە یاسای بودجەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2024 دوا بخرێت، بەڵام لە هەموو بارێکدا ئەنجوومەنی وەزیران شێوازی هەرە گونجاو بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دەگرێتە بەر".
هەروەها بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی عێراق بە رۆژنامەکەی وتووە: "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نەرمییەکی زۆری لە بەرانبەر شاندە کوردییەکەی هەفتەی رابردوو نوواندووە، دەسپێشخەرییش دەکات بۆ سووککردنی ئەو قەیرانە دارایییەی هەرێم بە دەستیەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەمە زۆر درێژە ناکێشی، چونکە ئەمەی هەیە رێککەوتنێکی لەرزۆک و کاتییە، چونکە قەیرانەکە زۆر لەوە قوڵترە، تەنانەت ئەگەر پارەش بنێرین ئەوا هەر دەبێت دڵنیا بین لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە یاسای بودجەوە".
سەرکردەیەکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگییش بە رۆژنامە سعوودییەکەی راگەیاندووە: "هێزە شیعەکان فشار دەکەن بۆ ئەوەی ئەو شێوازە سیاسییەی تا ئێستا حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێم مامەڵەی پێ کردووە هەڵبووەشێنێتەوە و حکومەتی ناوەند دەبێت هەرێم ناچار بکات وەک تاکە دەسەڵاتی هەموو عێراق مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکات".
لە لایەکی دیکەوە، مستەفا سەنەد، کە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆیە رایگەیاندووە: پارێزەرەکەی راسپاردووە لە دادگا عێراقییەکان سکاڵا لە دژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تۆمار بکات کە بە نیازە پارە بداتە حکومەتی هەرێم لە دەرەوەی یاسای بودجە.
هەر لە پرسی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا میوانداریی هەریەکە لە حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێم بکات بۆ تاوتوێکردن و وەرگرتنی زانیاریی لە بارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، رادەستکردنی بڕی ئەو نەوتەی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێم دانراوە، لەپاڵ کۆمەڵێک دۆسێ و پرسی دیکەدا.
محەمەد نووری، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی دارایی، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "لەو میواندارییکردنەدا، هەموو زانیارییەک لەبارەی قەبارەی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و ئەو بڕەی رادەستی بەغدای کردووە وەردەگرین، هەروەها ژمارەی راستەقینەی نەوتی هەناردەکراو و داهاتەکانی ئەو نەوتەش دەزانین".
AM:11:52:17/09/2023
ئهم بابهته 6132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت