هه‌تا بودجه په‌سه‌ند نه‌كرێت، په‌رله‌مان پشوو وه‌رناگرێت
وێستگه‌نیوز
هه‌رچه‌نده كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه په‌رله‌مانی عێراق پێ ده‌نێته پشووه‌وه، به‌ڵام په‌رله‌مانتاران ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن هه‌تا پرۆژه‌یاسای بودجه په‌سه‌ند نه‌كرێت وه‌رزی یاسادانان به كراوه‌یی ده‌هێڵرێته‌وه، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ڕه‌های پرۆژه‌یاساكه له لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر درا و په‌سه‌ند كرا.
په‌رله‌مانتاران ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن به هۆی گۆڕانكارییه‌كان له بڕگه‌كانی 13 و 14ی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ناكۆكییانه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنانی، هه‌موو پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن له كاتی ته‌واوبوونی ئه‌م وه‌رزی یاسادانانه‌ی په‌رله‌مان كه كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌یه، پرۆژه‌یاسای بودجه نانێردرێته په‌رله‌مان و په‌سه‌ند ناكرێت.
ڕۆژنامه‌ی (الصباح) به پشتبه‌ستن به لێدوانی چه‌ند په‌رله‌مانتارێك، ئه‌وه‌ی پشتڕاست كردۆته‌وه كه هه‌تا پرۆژه‌یاسای بودجه په‌سه‌ند نه‌كرێت په‌رله‌مان پشوو وه‌رناگرێت، په‌رله‌مانتارێكیش ئاماژه به‌وه ده‌دات كه په‌رله‌مان به ته‌واوی له‌كار كه‌وتووه و هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه دیار نییه و خشته‌ی كاره‌كان چه‌قی به‌ستووه و هه‌مووان چاوه‌ڕوانی ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌كانن له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان.
ئیمان عه‌بدولڕه‌زاق؛ په‌رله‌مانتار به ڕۆژنامه‌كه‌ی وتووه: "ئه‌م وه‌رزی یاسادانانه هه‌ر كراوه ده‌بێت هه‌تا بودجه په‌سه‌ند ده‌كرێت، چونكه په‌رله‌مان ناچار نییه دوای 9ی حوزه‌یران بچێته پشووه‌وه هه‌تا ئه‌و پرۆژه‌یاسایه په‌سه‌ند نه‌كرێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پێشتر و له (2023/5/9) هه‌ر به هۆی چاوه‌ڕێكردنی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌وه وه‌رزه‌كه بۆ ماوه‌ی مانگێك درێژ كرایه‌وه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره به ڕۆژنامهكهشی وتووه هێشتا هیچ ده‌سپێشخه‌ریی و ڕێككه‌وتنێك له‌باره‌ی بودجه‌وه له‌ئارادا نییه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه كه هه‌نووكه ڕێككه‌وتنه‌كان له ژووره داخراوه‌كاندا به‌ڕێوه ده‌چن نه‌ك لیژنه‌ی دارایی.
ئیمان عه‌بدولڕه‌زاق به ڕۆژنامهكهشی وتووه: "كاتێك ده‌چینه ناو پشووی ته‌رخانكراوی وه‌رزێكه‌وه و پرۆژه‌یاسایه‌كی گرنگ هه‌بوو؛ ئه‌وا بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران ده‌كرێت بۆ به‌شدارییكردن له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاساییدا، پشووی په‌رله‌مان وه‌كو ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه دوو مانگه، پێشتر مانگێك درێژ كرایه‌وه، كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه ئه‌و مانگه‌ش كۆتایی دێت و ده‌چینه ناو پشووه‌وه، به‌ڵام وه‌رزه‌كه كراوه ده‌بێت هه‌تا كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه".
AM:10:14:05/06/2023
ئه‌م بابه‌ته 1864
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت