ئەم دەوڵەتە تۆڵەی لە تۆمەتبارێکی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کردەوە


چیرۆكه‌ مێژووییه‌كان
چیرۆكی (27)
بە شێوازێکی ترسناک

ته‌ها عه‌بدولناسر ره‌مه‌زان

وه‌رگێڕانی وێستگه‌ نیوز

لە ماوەی جەنگی دووه‌می جیهانیدا، "ڕاینهارد هایدریش/ Reinhard Heydrich " وەک دەسته‌ ڕاستی هەریەکە لە ئەدۆڵف هیتلەر و "هاینریش هیملەر/Heinrich Himmler " فەرماندەی هێزەکانی ئێس ئێس (SS) دەناسرا. هایدریش سەرەڕای ڕۆڵی لە نێو هێزەکانی ئێس ئێس دا، سەرکردایەتی چەندین دەزگای هه‌ماهه‌نگی و ئەمنیی دەکرد، لەوانە دەزگای هەواڵگریی سەر بە هێزەکانی ئێس ئێس و دەزگای پۆلیسی نهێنی "گێستاپۆ/Gestapo".

هایدریش بەهۆی وه‌رگرتنی ئەم پۆستانەوە، سەرکردایەتی پرۆسەی ڕاوەدوونانی نەیاران و ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئەمنییەکانی، لە چەندین ناوچەی داگیرکراودا ده‌کرد، هەروەها بەشدار بوو لە ئامادەکردنی ئەوەی کە بە "چارەسەری کۆتایی" بۆ پرسی جوولەکەکان وەسف دەکرا و سەرپەرشتی دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی لە ناوچەکانی مۆراڤیا و بۆهیمیا ده‌کرد.

وه‌لێ تیرۆرکردنی هایدریش لە ساڵی 1942دا، شۆکێکی گەورەی لە نێو بەرپرسانی نازی دروستکرد. بەو هۆیەوە، نازییەکان هەڵمەتێکی ئەمنیی تۆڵەسەندنەوەیان له‌ هه‌ردوو هەرێمی داگیرکراوی بۆهیمیا و مۆراڤیا ئەنجامدا و ژمارەیەکی زۆر قوربانی  لێكه‌وته‌وه‌.
تیرۆرکردن و پرۆسەکانی تۆڵەسەندنەوە

لە ماوەی مانگی ئایاری 1942دا، دوو شۆڕشگێڕی و به‌رهه‌ڵستكاری چێکۆسلۆڤاکی، بە پاڵپشتیی بەریتانییەکان، پرۆسەیەکیان بۆ تیرۆرکردنی ڕاینهارد هایدریش، لە نزیک پراگ ڕێکخست. لە 27ی هەمان مانگدا، ئەو دوو به‌رهه‌ڵستكاره‌، پلانەکەیان جێبەجێ کرد؛ لە ناوەڕاستی ڕێگایەکدا هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلەکەی هایدریش و بە بۆمبێک کردیانە ئامانج و بۆمبه‌كه‌ لە نزیکیه‌وه‌ تەقییەوە. له‌م هێرشه‌دا، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبه‌كه‌ و پارچه‌كانی كه‌ به‌ هه‌مو لایه‌كدا بڵاوبووه‌وه‌، هایدریش زۆر بە سه‌ختی بریندار بوو.

لە سەرەتادا، ئەم بەرپرسە نازییەی هێزەکانی ئێس ئێس، دوای ئه‌نجامدانی نەشتەرگەرییەک، ته‌ندروستی  بەرەو چاکبوونەوە ده‌چوو. بەڵام دواتر و بە خێرایی، بەهۆی هەوکردن و ژەهراویبوونی برینەکانییەوە، ته‌ندروستی تا ده‌هات خراپتر ده‌بوو، هه‌مو ئه‌وه‌ وایكرد دوای كه‌متر له‌ مانگێك به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كه‌دا و له‌ 14ی حوزه‌یرانی 1942، كۆچی دوایی بكات.

پرۆسه‌ی تیرۆرکردنی ڕاینهارد هایدریش، لە نێو سەرکردایەتیی نازییەکان دا، شەپۆلێکی تووڕەیی به‌رفراوانی دروستکرد. لێره‌وه‌ بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەدۆڵف هیتلەر و فەرماندەی هێزەکانی ئێس ئێس هاینریش هیملەر، هێزەکانی ئێس ئێس دەستیان كرد بە ئەنجامدانی پرۆسەی تۆڵەسەندنەوە، له‌ دژی هه‌مو ئەو کەسانەی گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرا، كۆمه‌ك و هاوكاری شۆڕشگێڕەکانیان كردبێت. لەو کاتەدا، گوندی "لیدیتسێ/ "Lidiceبووە یەکەم ناوچە کە کرایە ئامانجی پرۆسەی تۆڵەسەندنەوەکان.

کۆمەڵکوژیی لیدیتسێ

هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا، له گوندی لیدیتسێ، لە ڕێکەوتی 10ی حوزەیرانی 1942، كه‌وتنه‌ جێبه‌جێكردنی پرۆسە تۆڵەسەندنەوە، سه‌ره‌تا ده‌ستیانكرد بە کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو نێرینانەی گونده‌كه‌ كه‌ تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاتر بوو. دوای ئەوە، ئەو کەسانە له‌و ته‌مه‌نه‌دابوون و ژمارەیان نزیکەی 173 هاوڵاتی بوو، درانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گووله‌ و له‌سێداره‌دران. لە ئێوارەی هه‌مان رۆژدا، واته‌ له‌ ئێواره‌ی 10ی حوزه‌یرانی ساڵی 1942، هێزه‌كانی ئەڵمانیا 9 پیاوی تریشیان لەسێدارەدا، ئه‌م پیاوانه‌ لە کاتی ڕوودانی کۆمەڵکوژییەکەدا، لە گوندەکە نەبوون. جگه‌ له‌وان، ژمارەیەک لە ژنە دەستبەسەرەکان و دوو منداڵ کە دڵنیابوونەوە لەوەی لەو ڕۆژەدا، تەمەنیان گەیشتووەتە پانزە ساڵ، ئه‌وانیش له‌ سێداره‌دران.

پاشان، ئەڵمانەکان دەستیان بەسەر هەشت منداڵدا گرت، به‌و پێیه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ سه‌ر به‌ ره‌گه‌زی "ئاری"ن، دواتر ئه‌و هه‌شت منداڵه‌یان، به‌ مەبەستی بەخێوکردن و هەڵگرتنەوەیان،  ڕەوانەی نێو خێزانە ئەڵمانییەکان كرد. ئه‌مه‌ لە کاتێکدا بوو، منداڵەکانی تر و ژنەکان، بۆ کەمپی مەرگی "چیلمنۆ/"Chełmno ڕەوانەکران و لەوێ لە ژوورەکانی غازدا لەسێدارەدران.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەو سەردەمە، بەرپرسی هێزەکانی ئێس ئێس "کارل هێرمان فرانک/Karl Hermann Frank " سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پرۆسەی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی لە گوندی لیدیتسێ ده‌کرد و دواتر گونده‌كه‌ بە تەواوی سوتێنرا و وێرانکرا.

پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵكوژی و لەسێدارەدانه‌كانی گوندی لیدیتسێ، کە نازییەکان بە فەرمی و به‌ ئاشكرا ڕایانگەیاند، له‌سه‌ر ئاستی جیهان، شەپۆلێک لە تووڕەیی لێکەوتەوە. لە کاتێکدا چەندین شار لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا، ناوی هەندێک لە گەڕەکەکانی خۆیان نا لیدیتسێ، دروست ئا له‌و كاته‌دا، وینستۆن چەرچڵ، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بۆ گوندی لیدیتسێ، داوای کرد شارەکانی ئەڵمانیا، لە ڕێگەی بۆردومانكردنیان بە بۆمبی سوتێنەرەوە، بسوتێنرێن و وێرانیان بكه‌ن. 

پرۆسەی لەسێدارەدانی بەرپرسە نازییەکە

لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی دووه‌می جیهانییدا، کارل هێرمان فرانک، کەوتە دەست هێزكانی ئەمریکییەکان و ئەوانیش ڕادەستی چێکۆسلۆڤاکیایان کردەوە. دواتر له‌ براگ و لەبەردەم دادگای گەل، ناوبراو، تۆمەتبارکرا بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

بۆ جێبەجێکردنی سزاکە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی چێکۆسلۆڤاکیا، له‌ پێناو بەشداریکردن لە دروستکردنی سەکۆی لەسێدارەدانەکەدا،  بەرەو زیندانی "پانکڕاس/ "Pankrácبەڕێکەوتن. به‌م جۆره‌، لەبەردەم نزیکەی 5 هەزار بینەردا، کە ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەیان تێدابوو، لە ڕێکەوتی 22ی ئایاری 1946دا، سزای لەسێدارەدان بەسەر کارل هێرمان فرانک دا جێبەجێکرا. لەوێدا و لە کاتێکدا هێشتا زیندوو بوو، بە توندی بە ستوونێکەوە بەستراو و بەرەو سەرەوە بەرزکرایەوە، تا تەواوی ئامادەبووان بیبینن. پاشان، پەتێکی کورت لە بەشی سەرەوەی ستوونەکە به‌ستراو و سه‌رێكی په‌ته‌كه‌ خرایە ملی ناوبراوه‌وه‌. دوابەدوای ئەمە، فرانک بە توندی بەرەو خوارەوە داگیرا و دەستبەجێ یەکێک لە جەلادەکان، چاو و دەمی گرت و گوشاری خستە سەر ده‌می، بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی، بە هێواشی و بەهۆی خنکانەوە گیان لەدەستدەدات.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ نێت، سێشه‌ممه‌ 19ی ئایاری 2026


PM:10:29:19/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت