بەهۆی دوژمنایەتیی نێوان دوو ئەکتەرەوە دەیان ئەمریکی کوژران
چیرۆكه مێژووییهكان
چیرۆكی (25)
نووسینی: تهها عهبدولناسر رهمهزان
وهرگێڕانی: وێستگه نیوز
لە ساڵانی بهر له هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی ساڵی 1861، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەژێر کاریگەریی چەندین دابەشبوونی ناوخۆییدا دەژیا. لەو سەردەمەدا، وڵات بەدەست کێشەی کۆیلایەتییەوە دەیناڵاند، كێشهیهك بووە هۆی توندبوونی گرژییەکانی نێوان باکوور و باشوور؛ ئەو باشوورەی ئابوورییەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی، پشتی بەو کۆیلانە دەبەست كه لە کێڵگەکانی لۆکەدا کاریان دەکرد.
هەروەها لە هەمان ماوەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەدەست تەنگژەی چینایەتییەوە دەیناڵاند، بەجۆرێک جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان دەوڵەمەندەکان و چینی هەژار، له زیادبووندا بوو، ئەمە بووە هۆی دروستبوونی ڕق و کینە، لەنێوان هەردوولادا. لێرهوه، لە ساڵی 1849دا، ئەم رق و كینه چینایەتییە، بووە هۆی سهرههڵدانی کردەوەی توندوتیژی و لە ئەنجامدا دەیان کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتەوە.
ناکۆکی چینایەتی
لە ساڵانی چلهكانی سەدەی نۆزدەهەمدا، شاری نیویۆرک، لە ڕووی دیمۆگرافییەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی جیهانی ئەو رۆژگاره. فەزڵی ئەم گەشە دیمۆگرافییەش، دەگەڕایەوە بۆ فاکتەری کۆچبەری، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ئێرلەندییەکان و ئەڵمانییەکان، بۆ نیشتەجێبوون ڕوویان تێکرد.
بەهۆی ئەمەوە، نیویۆرک سەرهەڵدانی سیستمێکی چینایەتی بەخۆوە بینی، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی چەندین گەڕەکی کرێنشین و کرێکار. لە کاتێکدا دەوڵەمەندەکان، لە گەڕەکە ڕاقییەکاندا دەژیان کە هەموو پێداویستییەکانی ژیان و خۆشگوزەرانی تێدا فەراهەم كرابوو، کرێکاران لە گەڕەکەکانیاندا -کە لە گەڕەکە زێدەڕۆکان دەچوون- بەدەست ئازاری هەژارییەوە دەیانناڵاند.
ئەم بارودۆخانە، بوونە هۆی هەڵکشانی دوژمنایەتی لەنێوان ئەم دوو چینەدا؛ هەژارەکان دەوڵەمەندەکانیان بە شەیدای کولتووری بەریتانی وەسف دەکرد و تۆمەتباریان دەکردن بەوەی هەوڵدەدەن، کولتوورێکی ئەرستۆکراتی بسەپێنن کە سووکایەتی بە هەژاران دەکات.
بەهۆی ئەمەشەوە، "هۆڵی ئۆپێرای ئەستۆر/" Astor Opera House لە مانهاتنی خواروو، کە دەوڵەمەندەکان ڕوویان تێدەکرد، لای چینی هەژار، بوو بە هێمایەکی خۆشگوزەرانی و سەرمایەداری.
ناکۆکیی نێوان دوو ئەکتەر
بهدهر لهو دابهشبوونه چینایهتییه، نیویۆرک دابەشبوونێکی لە کایەی کولتووریدا بەخۆوە بینی. لەو ماوەیەدا، ئەکتەری شێکسپیری "ئێدوین فۆڕێست/"Edwin Forrest " بوو بە هێمای هەژاران، چونکە بەرگری لێ دەکردن و بوو بە پێشەنگ و نموونهی باڵا بۆیان. لە بەرانبەردا، هاوپیشەکەی "ویلیام چارڵز ماکڕێدی" لای هەژاران، بوو بە هێمای دەوڵەمەندەکان و کولتووری بەریتانی، چونکە دەوڵەمەندەکان بە چڕی ڕوویان لە نمایشەکانی دەکرد.
لە لایەکی ترەوە، ساڵانی چلهكانی سەدەی نۆزدەهەم، دوژمنایەتییەکی گەورەی لەنێوان ئەم دوو ئەکتەرەدا بەخۆوە بینی؛ هەردووکیان شانۆگەرییەکانی شێکسپیریان پێشکەش دەکرد و کەوتبوونە ناو ناکۆکییەوە. جارێکیان، ئێدوین فۆڕێست، سڵی لهوه نەکردەوە، بچێتە ناو یەکێک لە نمایشەکانی ویلیام چارڵز ماکڕێدی و دەستی کرد بە هاوارکردن و نیشاندانی ناڕەزایەتی.
دەیان کوژراو و سەدان بریندار
لەو نێوەندەدا، ئەم ناکۆکییە بە شێوەیەکی گەورە هەڵکشا و لە ساڵی 1849دا، گۆڕا بۆ ڕووداوی خوێناوی. لە ڕۆژی 7ی ئایاری 1849، لایەنگرانی ئێدوین فۆڕێست، بۆ بینینی نمایشی شانۆگەریی "ماکبێس/"Macbeth بلیتیان كڕی و بڕیار بوو ویلیام چارڵز ماکڕێدی، لە هۆڵی ئۆپێرای ئەستۆر پێشکەشی بکات. لە ناو هۆڵەکەدا، لایەنگرانی ئێدوین، دەستیان کرد بە هاوارکردن و هێلکەبارانکردن، ئەمە وایکرد پێشکەشکردنی شانۆگەرییەکە مەحاڵ بێت.
دواتر بە یارمەتی دەوڵەمەندەکان، پۆلیس و میلیشیاكان هاتن و سهلامهتی هۆڵهكه و دهوربهری هۆڵهكهیان گرته ئهستۆ، ویلیام چارڵز ماکڕێدی لە ڕۆژی 10ی هەمان مانگدا، جارێکی تر گەڕایەوە بۆ دووبارە نمایشکردنەوەی شانۆگەرییەکەی.
لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا، لەو ڕۆژەدا هەزاران خۆپیشاندەر، لە کرێکاران و دانیشتووانی گەڕەکە هەژارنشینەکان و نەیارانی کولتووری بەریتانی، ئامادە بوون و لەبەردەم هۆڵی ئۆپێرای ئەستۆر کۆبوونەوە، پێش ئەوەی دەست بکەن بە بەردبارانکردنی هۆڵەکە و وتنەوەی دروشمی دژ بە ویلیام چارڵز ماکڕێدی. بەهۆی ئەمەوە، پۆلیس دەستوەردانی کرد و ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی دروست بوو و تێیدا میلیشیاکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.
ئەو کاتە و دوای ئەوەی بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو، ئەم ڕووداوە بووە هۆی کوژرانی 22 بۆ 31١ کەس لە خۆپیشاندەران و برینداربوونی نزیکەی 50 کەسی تر. لە بەرانبەریشدا، نزیکەی 200 کەس لە ئەندامانی پۆلیس و میلیشیاکان، بە برینی جیاواز بریندار بوون.
ڕووداوەکانی 10ی ئایار، لەنێوان ئەمریکییەکان، بووه هۆی دروستبوونی دۆخێکی سەرسوڕمان و ئهمریكییهكان بێزاربوون لە بەکارهێنانی فیشەک بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان. جگە لەوەش، زۆر کەس پرسیاریان لەبارەی ڕۆڵی میلیشیا چەکدارەکانەوە کرد و ڕەخنەیان لە دەوڵەمەندەکان گرت کە ئەوانیان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.
هەروەها ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی زیادبوونی کەلێن و دوژمنایەتی لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکیدا.
سهرچاوه
ئهلعهربییه نێت، یهك شهممه، 10ی ئایاری 2026
PM:10:17:10/05/2026
ئهم بابهته 432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت