دوای سێ ساڵ لە دانوستان كۆتایی به جه‌نگێك هات ئەوروپای وێران کردبوو
نووسینی: ته‌ها عه‌بدولناسر ره‌مه‌زان
سەرچاوە: ئه‌لعه‌ربیه نیت
وه‌رگێڕانی: وێستگه‌نیوز
لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەیەمدا، فەڕەنسا بوو بە هێزە سەربازییە باڵادەستەکەی ئەوروپا و خاوه‌نی سوپایه‌كی هێند به‌هێز فراوان بوو، ببووه هۆی دڵەڕاوکێی بۆ دراوسێکانی. لە بەرانبەردا، کۆماری هۆڵەندا، له گۆڕه‌پانی ئه‌وروپادا، خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی گرنگ و بایه‌خدار بوو، ئەمەش بەهۆی گەشەسەندنی بازرگانییە دەریاییەکەی و باڵادەستیی بەسەر بەشێکی زۆری بازاڕەکانی ئەوروپادا.
لەو نێوەندەدا، گەشەسەندنی بازرگانیی هۆڵەندا، بووە هۆی نیگەرانیی پاشای فەڕەنسا "لویسی چواردە"، ئه‌م پاشایه، لەو سەردەمەدا، پلانی بۆ فراوانخوازی لە ئەوروپا و لکاندنی خاکی نوێ بە فەڕەنساوە دادەنا. فەڕەنسا بە هیوای لەناوبردنی ڕکابەرە بازرگانییەکەی، پلانێکی بۆ داگیرکردنی کۆماری هۆڵەندا و کۆنتڕۆڵکردنی داڕشت.
هەڵگیرسانی جەنگی هۆڵەندا لە ساڵی 1672
لێره‌وه فه‌ره‌نسا، بە هاوکاریی هەر یەک لە ئینگلتەرا و کۆڵۆنیا/ Cologne"، لە مانگی ئایاری ساڵی 1672دا، دەستیكرد بە دەستوەردانی سەربازی دژ بە هۆڵەندا. لەو سەردەمەدا، هۆڵەندییەکان ئه‌و ساڵه‌یان ناو نا "ساڵی کارەساتەکان"؛ چونکە له‌و ساڵه‌دا، لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی داگیرکاری ببوونەوە و بازرگانییەکەشیان، بە شێوەیەکی کت‌وپڕ پاشەکشەی کرد. لە سەرەتادا، بەرەی هۆڵەندا، زۆر بە خێرایی هه‌ره‌سیهێنا و داڕما و به‌شێكی زۆری ناوچەکانیان، کەوتە دەست فەڕەنسییەکان.
بەڵام له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی تەمموزی 1672، بەهۆی دەستوەردانی هاوپەیمانەکانی کۆماری هۆڵەندا و به‌شداریكردنیان له جه‌نگه‌كه، دۆخه‌كه به جێگیر مایه‌وه. هاوکات لەگەڵ سەرەتای داگیرکارییەکەدا، دراوسێکانی فەڕەنسا، لە ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە و له زیادبوونی هەژموون و قه‌ڵه‌مڕه‌وی زیاتری هێزە سەربازییەکەی فه‌ره‌نسا ده‌ترسان. هه‌ر بۆیه، بە هیوای پاراستنی هاوسەنگیی هێز، هەر یەک لە ئیسپانیا، ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمانیی پیرۆز، دانیمارک، براندنبۆرگ- پڕۆسیا/ Brandenburg–Prussia و کۆماری هۆڵەندا، هاوپەیمانێتییەکی سەربازییان دژ بە فەڕەنسا پێکهێنا.
سویدیش لە سەرەتای ئەم ململانێیەدا، بێلایەنیی خۆی پاراست، ئه‌مه پێش ئەوەی لە ساڵی 1675دا، لە بەرژەوەندیی فەڕەنسا دەستوەردان بکات.
لە ماوەی ئەوەی بە "جەنگی هۆڵەندا" ناسراوە و تا ساڵی 1679 بەردەوام بوو، ئینگلتەرا پاڵپشتیی دەستێوەردانی فەڕەنسای دەکرد دژ بە هۆڵەندا، به‌ڵام دواتر له جه‌نگه‌كه پاشه‌كشه‌ی كرد و هاته ده‌ره‌وه، ئه‌مه ئه‌و كاته بوو كه له ساڵی 1674دا، ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆماری هۆڵەندا واژۆكرد، به‌ریتانیا له ئه‌نجامی ئه‌و رێكه‌وتنه‌دا، هه‌ڵوێستی خۆی له شه‌ڕه‌كه گۆڕی و وه‌ك بێلایه‌نێك مایه‌وه.
تێچووی جەنگ و دیدگا جیاوازەکان
لە نێوان ساڵانی 1676 بۆ 1677، ئەو دەوڵەتانەی بەشدارییان لەم جەنگەدا کردبوو، ڕووبەڕووی چەندین ئاسته‌نگ و سەختی بوونەوە. لەو کاتەدا، ژمارەی قوربانیانی هەردوولا 120 هەزار کەسی لە نێوان کوژراو و بریندار تێپەڕاند. جگە لەوەش، هەمووان لە چەندین بەرەی جیاوازدا له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌جه‌نگان، ئه‌مه وایكرد بۆ پاڵپشتیی له به‌رده‌وامی جه‌نگ و توانا سه‌ربازییه‌كانیان، ئەم دەوڵەتانە، باجێکی زۆریان خستە سەر شانی نەتەوەکانیان و ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر بڕێکی زۆر لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان. هەروەها بڕە پارەیەکی خەیاڵییان بۆ سوپا و پڕچەککردن خەرج کرد. وه‌لێ سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌وه، بەهۆی نەمانی توانای بەردەوامبوون لە درێژه‌دان به جەنگ، هەمووان حه‌ز و ویستیان بۆ بژاردەی ئاشتی هه‌بوو، بەدوای ڕێککەوتنێکدا ده‌گه‌ڕان كۆتایی به جه‌نگه‌كه بهێنێت.
ساڵی 1676 لە شاری "نایمیخن/ Nijmegen"ی هۆڵەندا، دانوستان لە نێوان نوێنەرانی هه‌ر یه‌ك له فەڕەنسا، ئیسپانیا، کۆماری هۆڵەندا، ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمانیی پیرۆز، براندنبۆرگ-پڕۆسیا و دانیمارک دەستی پێ‌کرد. لەو نێوەندەدا، دانوستانەکان بەهۆی به‌ریه‌ككه‌وتن و نه‌گونجانی بەرژەوەندییەکان له‌گه‌ڵ یه‌ك، سەخت و قورس بوون. له میانه‌ی دانوستانه‌كاندا، فەڕەنسا هەوڵی دەدا دەستکەوتەکانی لە کاتی جەنگدا بپارێزێت، هۆڵەندا داوای زامنکردنی ئاسایش و سەربەخۆیی خۆی دەکرد؛ ئیسپانیا باسی لە گرنگیی وەرگرتنەوەی ئەو خاکانە دەکرد کە لە جەنگدا لەدەستی دابوون، ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمانیی پیرۆزیش، جەختی لەسەر پێویستیی سنووردارکردنی هێزە سەربازییەکەی فەڕەنسا و هەڕەشەکانی بۆ سەر ناوچەکە دەکردەوە.
ڕێککەوتننامەکانی نایمیخن
دوای دانوستانێکی سەخت کە چەندین مانگی خایاند، چەندین ڕێککەوتننامەی ئاشتی واژۆ کران. له ساڵی 1678دا، فەڕەنسا ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتیی لەگەڵ کۆماری هۆڵەندا واژۆ کرد و تێیدا بەڵێنی زامنکردنی سەربەخۆیی هۆڵەندای دا، هەروەها ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر ئه‌وه‌ی به‌شێك له خاكی هۆڵه‌نده بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و وڵاته.
لە هەمان ساڵدا، ڕێککەوتنێکی تر لەگەڵ ئیسپانیا واژۆ کرا، بەهۆیەوە فەڕەنسا بەشێک لە موڵک و خاكی ئیسپانیای لەو ناوچانەی بە "هۆڵەندای ئیسپانی" دەناسران، بەدەست هێنا. له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 1679، فەڕەنسا لەگەڵ ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمانیی پیرۆز و براندنبۆرگ-پڕۆسیا، گه‌یشته ڕێكه‌وتن، فه‌ره‌نسا به هۆی ئه‌م رێكه‌وتنه‌وه، بەشێک لەو خاکانەی گەڕاندەوە بۆ ئه‌و دوو وڵاته کە لە کاتی جەنگدا داگیریكردبوو.
دوای نزیکەی 3 ساڵ لە دانوستان، جەنگی هۆڵەندا کۆتایی هات و بووە هۆی دروستبوونی واقیعێکی نوێ لە ئەوروپادا؛ بە جۆرێک لویسی چواردە، پاشای فەڕەنسا، وەک بەهێزترین پیاوی ئەوروپا ناسرا. به‌ڵام ئیسپانیا به‌هۆی دۆڕاندن و شكست و زیانه‌كانی، سەرەتای پاشەکشە و له‌ده‌ستدانی پێگەکەی بەخۆوەیه‌وه بینی. کۆماری هۆڵەندا لای خۆیه‌وه، ڕێککەوتننامەیەکی بەدەست هێنا و به هۆی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌وه، سەربەخۆیی و سەقامگیریی بۆ مسۆگەر کرد.
PM:06:06:16/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 292
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت