پێش ئێران ئاشنای بەناوبانگترین گەمارۆ دەریاییەکان ببە
نووسینی: تهها عهبدولناسر رهمهزان
سەرچاوە: ئهلعهربییه نیت
وهرگێڕانی: وێستگهنیوز
دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمریكا، له میانهی لێدوانهكانی ئهم دواییانهیدا، جەختی لهوه کردەوە، بایەخ بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی نادات. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ دووپاتی کردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەرووی هورمز دەکاتەوە و گەمارۆیەکی دەریایی دەخاتە سەر ئێران، بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتەکەی.
بهدهر لهوهی ئێستا روودهدات، لە سەدەکانی ڕابردوودا، چەندین دەوڵەت ڕووبەڕووی گەمارۆی دەریایی بوونەتەوە، ئامانج لهو گهمارۆيانه، پهكخستنی ئابووری وڵاتانی گهمارۆدرا و ڕێگریکردن بووە لهوهی ئهو وڵاتانه، دهستیان به كاڵا سهرهكییهكان بگات. لێرهوه جگە لە کوبا کە لە ساڵی 1962، بەهۆی قەیرانی موشەكهكانی سۆڤیهتهوه، گەمارۆ درا، مێژوو ناوی وڵاتانی دیكهی وەک بەریتانیا، ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمار كردووه كه گهمارۆدراون.
گەمارۆی کیشوەریی ناپلیۆن پۆناپارت
دوای ئهوهی له ساڵی 1805، هێزی دەریایی فەرەنسا، لە بەرانبەر هاوتا بەریتانییەکەی، لە جەنگی "ترافالگار/ Trafalgar" شكستیهێنا، ناپلیۆن پۆناپارت، لهوه دڵنیابووهوه ئەستەمە بتوانێت پرۆسەی داگیرکردنی بەریتانیا ئهنجامبدات. هەر بۆیە، ئیمپراتۆری فەرەنسا، پێی باشبوو، لە ڕێگەی بێبەشکردنی لەندەن، لە بازاڕەکانی ئەورووپا، هێرش بکاتە سەر ئابووریی بەریتانیا.
ناپلیۆن دوای سەرکەوتنی بەسەر "پڕووسیا/ Prussia"دا، رۆژی 21ی تشرینی دووەمی 1806 "بڕیارنامهی بەرلین"ی دەرکرد. بەپێی ئەم بڕیارنامهیه/ مەرسوومە، ناپلیۆن بازرگانیکردنی لەگەڵ بەریتانیا قەدەغە کرد و فەرمانیدا، له بازاڕهكاندا دهست بهسهر كاڵاكانی بهریتانیادا بگیرێت، هەروەها بەڵێنیدا دەست بەسەر هەر کەشتییەکدا بگرێت کە گومانی ئهوهی لێبکرێت، لە بەندەرێکی بەریتانیا، لەنگەری گرتبێت.
ناپلیۆن لە ڕێگەی ئەو مەرسوومەوە، ئەوەی دامەزراند کە بە "گەمارۆی کیشوەری" ناسراوە. لە ساڵانی دواتردا، ناپلیۆن چەندین دەوڵەتی ئەورووپای ناچار کرد، بهشداری له گهمارۆكهی سهر بهریتانیا بكهن و بەندەر و بازاڕەکانیان، بەڕووی بەریتانییەکاندا دابخەن.
بهڵام دوای ئهوهی سوپای فەرەنسا، له ساڵی 1812، له روسیا شكستیهێنا، گەمارۆ کیشوەرییەکە، ورده ورده بهرهو داڕوخان و پوكانهوهچوو و چەندین دەوڵەت لێیکشانەوە، بەتایبەتی دەوڵەتە ئەڵمانییەکان، ئهمه پێش ئەوەی گهمارۆدانهكه لە ساڵی 1814، بە تەواوی هەرەس بهێنێت.
گەمارۆی باکوور بۆ سەر باشوور
لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەبراهام لینکۆڵن، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ویلایەتەکانی باشوور کە لایەنگری کۆیلایەتی بوون، بەرەو ڕاگەیاندنی کشانەوە لە یەکێتییەکە و جیابوونەوە، هەنگاویان نا. دوای ڕووداوی بە ئامانجگرتنی "فۆرت سەمتر" لە نیسانی 1861، جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا، بە فەرمی دەستی پێکرد.
لە ماوەی جەنگی ناوخۆدا، ویلایەتەکانی باکوور، بە ئامانجی شەکەتکردنی باشوور و ناچارکردنیان بۆ خۆبەدەستەوەدان، پەنایان بۆ "پلانی ئەناکۆندا" برد. لەو سۆنگەیەوە، ویلایەتەکانی باکوور گەمارۆیەکی دەریاییان خستە سەر ویلایەتەکانی باشوور و چاودێریی بەندەرەکانیان دەکرد، بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی لۆکە بۆ ئەورووپا و هاوردەکردنی چەک. بهم شێوهیه، ویلایهتهكانی باشوور، وردە وردە، تووشی کەمیی چەک و خۆراک بوونهوه.
هاوکات لهگهڵ ئهوهدا، نرخی کاڵاکان بە شێوەیەکی زۆر بەرز بووەوە، ئەوەش بووە هۆی پەککەوتنی ئابوورییەکەیان. ئەم گەمارۆیە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە لاوازکردنی باشوور و ناچارکردنیان بۆ خۆبەدەستەوەدان لە ساڵی 1865دا.
گەمارۆدانی ئەڵمانیا لە جەنگی یهكهمی جیهانیی
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی یهكهمی جیهانیی، ئابووریی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرچاو، پشتی بە هاوردەی دەریایی دەبەست. هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا، بە هیوای پهكخستن و لاوازكردنی ئابووریی ئەڵمانیا، گەمارۆیەکی توندی خستە سەر ئەو وڵاتە، لە ڕێگەی سەپاندنی چاودێرییەکی ورد بەسەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە دەریای باکووردا هاتوچۆیان دهكرد. لە لایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی شاهانە، دوودڵ نەبوو لە پشکنینی کەشتییە بێلایەنەکان، وەک کەشتییهكانی دانیمارك،بۆ ڕێگریکردن لە بهقاچاخبردنی کاڵا بۆ ئەڵمانیا.
بەریتانیا لە ڕێگەی ئەم گەمارۆیەوە، هەوڵیدەدا کارگەکانی ئەڵمانیا، لە سەرچاوە سەرەکییەکانی وەک نەوت، لاستیک، خەڵوز و ئاسن، بێبەش بکات. دواتر، ئەم گەمارۆیە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی لە ئەڵمانیا و گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس، چ بەهۆی برسییەتییەوە بێت یان بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی کە بەهۆی بەدخۆراکییەوە دروست دەبوون. لای خۆشییەوە، ئەڵمانیا لە ڕێگەی جەنگی ژێردەریاییەوە، وەڵامی ئەم گەمارۆیەی دایەوە، له پرۆسهی وهڵامدانهوهكهدا، ژێردەریاییەکانی ئهڵمانیا، هێرشیان دەکردە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بەرەو بەریتانیا دەچوون.
پرۆسەی برسیکردن (Operation Starvation)
لەگەڵ سەرەتای ساڵی 1945، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەوڵیدا زۆر به خێرایی کۆتایی به جەنگی گۆڕەپانی زەریای هێمن، بهێنێت. دوای ئەو سەرکەوتنانەی لەم بەرەیەدا بەدەستیان هێنا، بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا، پێیان باش بوو گەمارۆ بخەنە سەر ژاپۆن و ڕێڕەوە بازرگانییە دەریاییەکانی ببڕن، چونكه ژاپۆن بە شێوەیەکی سەرەکی، بۆ دابینکردنی کەرەستە سەرەکییەکانی وەک نەوت، لاستیک و ئاسن، پشتی به رێڕهوه دهریاییهكانی دهبهست.
لە چوارچێوەی "پرۆسەی برسیکردن/ Starvation " کە لە کۆتایی ئازاری 1945، دەستی پێکرد، فڕۆکە ئەمریکییەکان زیاتر لە 10 هەزار مینی دەریاییان، لە دەروازە بازرگانییە دەریاییەکانی ژاپۆندا چاند. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەو سەردەمە، ئەم پرۆسەیە بووە هۆی تێکشکاندنی نزیکەی 670 کەشتیی ژاپۆنی و ئاستەنگی بۆ پرۆسەکانی گواستنەوەی سەرباز دروست کرد، هەروەها کارگەکانی ژاپۆنی لهو کەرەستە سەرەکییەکان بێبەش کرد، كه بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنانی جەنگی پێویستبوون.
*وێستگەنیوز ئەم بابەتەی وەک خۆی وەرگێڕاوە.
PM:03:39:15/04/2026
ئهم بابهته 464
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت