کەسوکاری مامۆستا وشیار ئیسماعیل داوای جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی بکوژانی دەکەن
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ یەکشەممە، خانەوادە و کەسوکاری مامۆستا دکتۆر وشیار ئیسماعیل لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، داوایان کرد ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر جێبەجێ بکرێت کە تایبەتە بە لەسێدارەدانی ئەنجامدەرانی تاوانی کوشتنەکەی، کە نزیکەی 10 ساڵە بڕیارەکەیان بۆ دەرچووە.
مامۆستا وشیار ئیسماعیل لە شەوی 22ی تشرینی دووەمی 2016دا لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری هەولێر تیرۆر کرا.
دواتر و لە رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2016دا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، "بکوژی سەرەکیی مامۆستا دکتۆر وشیار ئیسماعیل و ئەوەشی هاوکاریی بکوژەکەی کردووە، دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە".
هەر لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکانی ئەو دۆسیەیەدا، لە مانگی ئایاری ساڵی 2017، دادگای هەولێر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی مامۆستا وشیار دەرکرد.
سەبارەت بە ژیاننامەی، مامۆستا وشیار ئیسماعیل لە ساڵی 1976 لە گوندی کەوباک لە نزیک بەردەڕەش لەدایکبووە؛ لە ساڵی 1999 مۆڵەتی مەلایەتیی وەرگرتووە و لە ساڵی 2003 کۆلێژی شەریعەی تەواو کردووە، هەروەها لە ساڵی 2007 بڕوانامەی ماستەر و لە ساڵی 2013شدا پلەی دکتۆرای لە بواری تەفسیردا بەدەستهێناوە.
لە رووی ئەرکی بانگخوازی و وتاربێژییەوە، ماوەی 13 ساڵ وتاربێژ بووە لە گوندی بێستانە و دواتر بۆ ماوەی 10 ساڵ لە مزگەوتی خدر سوارە ئەو ئەرکەی بەجێگەیاندووە، هاوکات وتاربێژی مزگەوتی عومەر بندیان بوو لە شاری هەولێر و وەک بانگخوازێکی ناسراو و بەرپرسی لقی هەولێری مەکتەبی زانایانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان خزمەتی کردووە.
PM:01:36:22/11/2026
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت