عومەر گوڵپی: پەرلەمان شەرعییەتی نەماوە
وێستگەنیوز-
عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر تێپەڕبوونی 2 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی 6ـەمی پەرلەمان و بەردەوامیی پەککەوتنی دامەزراوەی یاسادانان، هاوکات هۆشداریدا لە تێکچوونی باری گوزەرانی هاوڵاتییان بەهۆی گرانیی نرخی سووتەمەنی و بەبازرگانیکردنی کەرتی کارەباوە.
لە دەستپێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوە کرد، دوای 2 ساڵ لە هەڵبژاردن و لە ساڵی 4ـەمی نەبوونی دەسەڵاتی تەشریعی و چاودێریدا، هەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکی گەورەدایە. وتیشی: "پارتی و یەکێتی پێکەوە رێککەوتوون لەسەر پەکخستنی پەرلەمان تا چاودێری بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە نەمێنێت. لە 2ی 12ی 2024 کاتێک 97 پەرلەمانتار چوونە هۆڵەکەوە، هەردوو حیزب ئەندامەکانی خۆیان کشاندهوە بۆ ئەوەی دانیشتنەکە پەکیبکەوێت". ناوبراو جەختی کردەوە کە پەرلەمان لە ئێستادا هیچ شەرعییەتێکی نەماوە و تاقە چارەسەریش "دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە" بە جۆرێک حکومەتێکی یەکگرتوو بێتە کایەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی دوو زۆنی بهێنێت.
سەبارەت بە دۆخی بژێویی خەڵک لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، گوڵپی هۆشداریدا کە حکومەت هیچ پلانێکی بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی نییە، لە کاتێکدا ناوچە شاخاوییەکان 7 مانگ و شارەکان نزیکەی 4 مانگ پێویستیان بە گەرمکردنەوە هەیە، ئاشکراشی کرد کە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕدا گەیشتووەتە 300 هەزار دینار و خێزانە کەمدەرامەتەکان ناتوانن دابینی بکەن.
دەربارەی کەرتی کارەبا، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو پڕۆژەی 24 کاتژمێریی کارەبای لە هەولێر و دهۆک بە پڕۆژەیەکی "تاریک" وەسف کرد و رایگەیاند کە کارەبا کراوەتە بازرگانی؛ نرخی هەر کیلۆواتێک لە 18 دینارەوە بۆ 72 دینار زیاد کراوە و بەهۆی خەمڵاندنەوە پسوولەی 50 تا 300 هەزار دیناری بۆ هاوڵاتییان دەگەڕێتەوە، سەرەڕای ئەوەش هاوڵاتی ناچارە هەم پارەی کارەبای حکومی و هەم پارەی مۆلیدەش بدات، لەسەر بڕی 1000 دیناریش کارەبا لەسەر هاوڵاتییان دەبڕدرێت.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک کرا (تەبەقەی هێلکە لە 4 هەزارەوە بۆ 7 هەزار، سەوزە لە 2 هەزارەوە بۆ 3 هەزار، و 1000 دینار لە 8 نانەوە بۆ 6 نان کەمکراوەتەوە). گوڵپی رەخنەی لەوەش گرت کە تەنها لە مانگی رابردوودا حکومەت 400 ملیار دینار قەرزی پێشینەی لە خەڵک وەرگرتووەتەوە، لە کاتێکدا ئامادە نییە پارەی پاشەکەوتکراوی مووچەی هاوڵاتییان بگەڕێنێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەبارەت بە یاسای بودجە و پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، عومەر گوڵپی داوای لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کرد بچنە بەغدا و بۆ ساڵی 2027 لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بگەنە رێککەوتن لەسەر: دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە، هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان، هاوتاکردنی ئیمتیازاتی پێشمەرگە و شەهیدان لەگەڵ بەغدا، و دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی حکومی. لە بەرامبەریشدا پێویستە دەسەڵاتی دەرهێنان و داهاتی دەروازەکانی وەک (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخان) لەگەڵ باج و دۆسیەی نەوت و گاز بە شێوەیەکی راستەقینە لەگەڵ فیدراڵدا یەکلایی بکرێنەوە.
لە بەشی وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، وەرگرتنی باج لە بازگەی دێگەڵە لە نێوان هەولێر و سلێمانی بە "سەرانە و تاڵانی" ناوبرد کە دەچێتە بەرژەوەندیی حزبییەوە نەک خەزێنەی گشتی. لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە نەبوونی پەرلەمان زەمینەسازییە بۆ حوکمی دیکتاتۆری و دابەشکردنی هەرێم بۆ دوو میرنشینی تاوەکو هیچ لێپرسینەوەیەک لە داهاتی گشتی نەکرێت.
AM:11:53:20/10/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت