کشتوکاڵی هەرێم داوای پێداچوونەوە بە بڕیارێکی بەغدا دەکات و هۆشداری لە مایەپووچبوونی هەزاران پڕۆژە دەدات

‌

وێستگەنیوز-

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بە بڕیاری هەڵگرتنی باج لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە، مریشک و گۆشتدا بچێتەوە و پێداچوونەوەی بەپەلەی بۆ بکات، هاوکات هۆشداریی دا لەوەی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە هەزاران پڕۆژەی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان و عێراق رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون دەکاتەوە.


وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد کە هەرێمی کوردستان نەک تەنها لە ئاستی ناوخۆدا گەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی، بەڵکو توانایەکی تەواوی هەیە کە پێداویستیی هەموو عێراق لە بەرهەمی مریشک و هێلکە دابین بکات. بەپێی ئامارەکانی وەزارەت، هەرێم ساڵانە توانای ئەوەی هەیە 3 ملیار هێلکە و 350 هەزار تۆن مریشک رەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکات.

لە کۆنفرانسەکەدا رەخنە لەوە گیرا کە پێش دەرکردنی ئەو بڕیارە هیچ هەماهەنگی و گفتوگۆیەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکراوە، لە کاتێکدا هەڵگرتنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردەکراو دەبێتە هۆی چوونەدەرەوەی سامانی نیشتمانی بۆ دەرەوەی وڵات. وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد کە ماوەی 7 ساڵە لە پێناو پاراستن و بووژاندنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی مریشک و هێلکە بۆ ناو هەرێمی کوردستان بە تەواوی راگیراوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان، لە سەردەمی سەرهەڵدانی کۆرۆناوە تاکو ئێستا نرخی هێلکە لە ناوخۆی هەرێم گران نەبووە و بە جێگیری ماوەتەوە. لە کۆتاییشدا داوای کرد کە حکومەت لە رێگەی دابینکردنی سووتەمەنییەوە پاڵپشتیی دارایی پێشکەشی خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان بکات تا بتوانن بەردەوامی بە بەرهەمهێنان بدەن.


AM:10:29:11/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت